قانع خاتری بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا

هەنگاو؛ هەینی ٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
قانع خاتری، چالاکی مەدەنی کورد و خەڵکی سنە، دوای ١٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٠ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، قانع خاتری، چالاکی مەدەنی خەڵکی سنە، دوای ١٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون لەئاکامدا بەدانانی بارمتەی پێنسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٦ی فێبریوەری ٢٠٢٥)، لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە گواسترایەوە.
شایانی باسە کە، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بەفرانباری ٢٧٢٤ بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بانگ کرا و دوای چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کرابوو.
قانع خاتری پێشتر لە ڕێکەوتی ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢١ لەگەڵ ٦ چالاکی دیکە لە ئەندامانی کەمپینی خێرخوازی "ژیانەوەی کوردستان" لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و پێنجشەممە ٦ی جۆزەردان دوای تێپەڕاندنی ٤٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
ئەو ٧ چالاکە مەدەنییە بانەمەڕی ساڵی ٢٧٢٢ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران" هەر یەک سزای ٢ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرابوو کە سزای قانع خاتری دوای تەسلیم بە ڕای دادگا بۆ ١٨ مانگ کەم کرایەوە و ١٢ی پووشپەڕی ٢٧٢١ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترابۆوە.