سنە؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکران و ئازادی غالب حوسێنی چالاکی کرێکاری

١٠ خەزەڵوەر ٢٧٢٤، ١٧:١٩

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٠ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤

غالب حوسێنی لە چالاکانی کرێکاریی کورد و خەڵکی شاری سنە دوای نزیک بە سێ هەفتە دەستبەسەرکران، بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٧ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (٢٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، غالب حوسێنی چالاکیی کرێکاری، دوای نزیک بە سێ هەفتە دەستبەسەرکران بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی و تا کۆتاییهاتنی دادگاییەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە گوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، غالب حوسێنی ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەری ئەم ساڵ (سەرەتای ئۆکتۆبەر) لە شوێنی کارەکەی لە شاری سنە، بە هێرشی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر بۆ شوێنێکی نادیار گواسترابوویەوە.

شایانی باسە کە، غالب حوسێنی بە هۆی چالاکییەکانی خۆی، پێشتر چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامیاران و سنەوە، بانگکرابوو و لێپرسینەوەی لێکرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە