بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ ئازادکرانی حەسەن ئەمینی لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی

١٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٥٤

هەنگاو؛ شەممە ١٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤

حەسەن ئەمینی، برای محەممەد ئەمینی، لە گیانبەختکردوودانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" کە پێشتر سزای بەندکران و لێدانی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو و بۆ بەندیخانە گواسترابۆوە، دوای تێپەڕکردنی نزیکەی ٤٠ ڕۆژ بەندکران، لەژێر چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٩ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، حەسەن ئەمینی، هاووڵاتیی خەڵکی شاری سنە و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکان، دوای تێپەڕکردنی یەک مانگ و ٨ ڕۆژ بەندکران، بە چاودێریی پێبەندی ئەلیکترۆنییەوە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، حەسەن ئەمینی باقی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانە و لە ماڵەکەی خۆیدا، بە سنووردارکردنی هاتووچۆکردنی تێپەڕ دەکات.

حەسەن ئەمینی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٢١ی جولای ٢٠٢٤)، دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکرانی سزاکانی سنە دەستبەسەر کرا و بەمەبەستی تێپەڕکردنی سزای بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سنە گواسترایەوە.

ناوبراو پێشتر، لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو (جولای ٢٠٢٣)، لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی دووی شاری بۆکان بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای شەش مانگ و نیو بەندکران و لێدانی ٤٠ زەربەی قامچیی بەسەردا سەپێندرابوو.

حەسەن ئەمینی ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٩ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، لەگەڵ چەند کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی گیانبەختکردوودانی بەرخۆدانی جەماوەریی شاری سنە، دیواندەرە و دێولان لە کاتی گەڕانەوەیان لە ڕێوڕەسمی یادکردنەوە لە گیانبەختکردوودانی بەرخۆدانی جەماوەریی شارەکانی سەقز و بۆکان، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان گواسترانەوە.

ئەو ئەندامەی بنەماڵە دادخوازەکان، لە ئاکامدا لە ڕێکەوتی هەینی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٣، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی بۆکان ئازاد کرابوو.

شایانی باسە کە ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا لە سەرەتاییترین مافەکانی وەکوو مافی داستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراو و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بێبەش کرابوو.

محەممەد ئەمینی، برای حەسەن ئەمینی و دانیشتووی گەڕەکی تەقتەقان لە شاری سنە، ڕۆژی ١٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٣ لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" لەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە