سنە؛ ئازادکرانی کاتیی درەخشان ڕەحیمی دوای ۱۰۰ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی

١٥ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ٢٠:٣٣

هەنگاو؛ سێشەممە ۱۵ی ڕەزبەری ۲۷۲۵

درەخشان ڕەحیمی، هاووڵاتیی کورد w خەڵکی شاری سنە کە لە ڕەوتی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە دەستبەسەر کرابوو، لە ئاکامدا بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۱۴ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۶ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، درەخشان ڕەحیمی، تۆمەتباری سیاسی تەمەن ۴۳ ساڵی خەڵکی شاری سنە، دوای ۱۰۰ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ناوبراو لە ڕەوتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران دەستبەسەر و بە «هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل» و «پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵە» تۆمەتبار کرابوو.

درەخشان ڕەحیمی ڕۆژی هەینی ۲۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، دوای سێ مانگ دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترابۆوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە، ئەو هاووڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەربوونی لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سوپا لە سەرەکیترین مافەکانی خۆی وەکوو مافی پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و بنەماڵەکەی زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ناوبراو نەبووە.

درەخشان ڕەحیمی و چوار کەسی دیکە بریتی لە دوو برای ناوبراو، ڕۆژی شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۷ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران لە سنە دەستبەسەر کران. هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر کەرەستە ئەلیکترۆنیەکانی ئەو هاووڵاتییە بریتی لە مۆبایل و لەپتاپەکەیدا گرتبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە