کرماشان؛ ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی ڕەزا قەنبەری، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان
هەنگاو؛ دووشەممە ۱۵ی بەفرانباری ۲۷۲۵
لە درێژەی کوژرانی هاووڵاتییان لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی ئەم دواییانەدا، ڕەزا قەنبەری، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵی کورد و خەڵکی کرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ناوبراو دووەمین منداڵی گیانبەختکردوو لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی خەڵکی ئەو شارە بە ئەژمار دێت.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی شەممە ۱۳ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۳ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، ڕەزا قەنبەری، تەمەن ۱۷ ساڵ و لە منداڵانی کار و خەڵکی کرماشان لە ناڕەزاییەکانی گەڕەکی جەعفەرئابادی ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سوپای پاسداران کوژرا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو منداڵە لە ڕەوتی هێرشی چەکدارانەی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر کۆبوونەوەی هاووڵاتییان لە شەقامی ئەرتەشی کرماشان دوای بەرکەوتنی گوللە لە پشت و کەلەکەی گیانی خۆی لەدەست دا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزەکانی ناوەندە حکومەتییەکان لە کرماشان بنەماڵەی ئەو منداڵە گیانبەختکردووەیان لەژێر گوشار داناوە کە ڕابگەیێنن منداڵەکەیان لە ئەندامانی بەسیج بووە.
ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەمان شەو ڕەسووڵ کدیوەریان، منداڵی تەمەن ۱۷ ساڵ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان لە جەعفەرئابادی کرماشان دەستبەجێ کوژرا.
هەروەها ئێوارەی یەکشەممە ۱۴ی بەفرانباری ۲۷۲۵ (۴ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، ڕەزا کدیوەریان، تەمەن ۲۰ ساڵ و برای ڕەسووڵ کدیوەریان کە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە ڕەوتی ناڕەزاییە جەماوەرییەکانی هەمان ڕۆژ لە گەڕەکی جەعفەرئابادی ئەو شارە بریندار کرابوو و لە بەشی کۆمادا خەوێندرابوو، شەوی ڕابردوو لە نەخۆشخانەی تاڵقانی گیانی خۆی لەدەست دا.