وەهاب خەدیریپوور بە دانانی بارمتە لە بەندیخانەی مەهاباد ئازاد کرا

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
وەهاب خەدیریپوور، لاوی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان دوای سێ حەوتوو دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٩ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، وەهاب خەدیریپوور، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد دوایی سێ حەوتوو دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە ئازاد کرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە و لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" تۆمەتبار کراوە.
وەهاب خەدیریپوور کە خێزاندار و باوکی دوو منداڵە، ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٩ی جەنیوەریی ٢٠٢٥) پاش بانگکران و ڕۆیشتن بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر کرابوو.
شایانی باسە کە سۆهراب خەدیریپوور، برای وەهاب خەدیریپوور لە ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بوو کە بەهاری ساڵی ٢٧٢١ لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا. ناوبراو هەروەها ئامۆزای شەماڵ خەدیریپوور، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری مەهابادە.