قووچان؛ ڕەزا بەبرنژاد هاووڵاتیی کورد سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا

١٨ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٢٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

ڕەزا بەبرنژاد، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی قووچان و لە ئەندامانی بنەماڵەکانی دادخواز و برای مەهدی بەبرنژاد، لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. بەپێی سزای دەرچوو، سزای ئەشەد واتە ٥ ساڵ بەندکران بە حیسابکردنی ماوەی هەڵپەسێردراو دژی ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا سزایەک لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەکانی شاری قووچان بە سەرۆکایەتیی دادوەر پوورئاریا دەرکراوە و بە فەرمی بە ڕەزا بەبرنژاد ڕاگەیەندراوە. بەپێی ئەم سزایە، ناوبراو بە تۆمەتی ''ئەندامێتی لە گرووپەکانی دژبەری نیزام'' بە ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی ''پڕوپاگەندە دژی نیزام'' بە ١ ساڵ بەندکران سزا دراوە.

بە جێبەجێکردنی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی (یاسای کۆکردنەوەی سزاکان)، قورسترین سزا واتە ٥ ساڵ بەندکران سەبارەت بە ناوبراو جێبەجێ دەکرێت. دادگای قووچان بڕیاری داوە کە ٤ ساڵ و ٦ مانگ لە بڕی سزای ٥ ساڵ بەندکرانی دەرچوو دژی ناوبراو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بخڕێتە دۆخی هەڵپەسێردراوەوە.

ڕەزا بەبرنژاد پێشتر لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی جۆزەردانی ٢٧٢٤(٦ی ژوئەنی ٢٠٢٤) بۆ جاری دووەم دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی قووچان گواسترایەوە. ناوبراو پێشتر لە ٣١ی بانەمەڕی هەمان ساڵ بە هۆی بڵاوکردنەوەی پۆست لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوکات لەگەڵ مردنی ئیبراهیم ڕەییسی لەلایەن ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ١٣ ڕۆژ بە بارمتە ئازاد کرابوو، بەڵام دووبارە ٥ ڕۆژ دواتر دەستبەسەر کرایەوە. ناوبراو لە کۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٣١ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی دادگاییکردن لە بەندیخانەی قووچان ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە هەروەها ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە بەرەبەری ساڵڕۆژی لەدایکبوونی برا گیانبەختکردووەکەی لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای قووچانەوە دەستبەسەر کرابوو و پێشینەی تێکهەڵچوونی دادوەریی هەیە.

مەهدی بەبرنژاد، برای تەمەن ٢٢ ساڵەی ڕەزا بەبرنژاد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٢ لە کاتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری قووچان، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا. ناوەندە ئەمنییەکان لەو کاتەدا تەرمی ناوبراویان دوای سێ ڕۆژ ڕێگری و تەنیا بە وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ڕادەستی بنەماڵە کرد و ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ناوبراو لەژێر ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا لە گوندی "شارک" بەڕێوە چوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە