ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد هاوکات لەگەڵ دەستپێکی هەژدەهەمین ساڵی بەندکرانی

٧ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٣:٢٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری ماکۆ و مەحکووم بە بەندکرانی هەتاهەتایی کە حەفدە ساڵی ڕابردووی (٦٢٠٩ ڕۆژ) بەبێ مافی تەنانەت یەک ڕۆژ مەرەخەسی لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێراندا تێپەڕ کردووە، ئەوڕۆ لەحاڵێکدا دەچێتە نێو هەژدەهەمین ساڵ لە بەندکرانی کە سەرەڕای بارودۆخی نەگونجاوی جەستەیی لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی لە بەندیخانەی ناوەندیی یەزد بێبەش کراوە و لە پێنج مانگ پێشترەوە بە فەرمانی وەزارەتی ئیتلاعات لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، زەینەب جەلالیان، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٤٢ ساڵی خەڵکی گوندی دەیم قشلاقی سەر بە شاری ماکۆ و بەندکراوی بەندیخانەی ناوەندیی یەزد، سەرەڕای نەخۆشیی ناخونەی چاو، هەوکردنی دەم، تەنگەنەفەسی، کێشەی گورچیلە و هەرس و لەحاڵێکدا کە مەترسی جددیی لەدەستدانی بینایی چاوی لەئارادایە بە دژایەتیی بەرپرسانی بەندیخانە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دەرمان و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەش کراوە.

زەینەب جەلالیان زیاتر لە چوار ساڵە کە بێ هیچ ڕوونکردنەوەیەکی یاسایی بۆ بەندیخانەی یەزد گواستراوەتەوە و لە تەواوی ئەو ماوەیەدا، بێ لەبەرچاوگرتنی بنەمای جیاکردنەوەی بەندکراوان بەپێی سزاکانیان لەو بەندیخانەیە، لە سەرەکیترین مافەکانی بێبەش بووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە، سەرەڕای تێپەڕاندنی ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی و هەڕەشەی دەستدرێژیی سێکسی لە ماوەی لێپرسینەوەکەیدا، چەندین جار بەبێ هۆکارێکی ڕوون لە نێوان بەندیخانەکانی خۆی، ئێڤین، کرماشان، قەرچەکی وەرامین، کرمان و یەزد گواستراوەتەوە. 

شایانی باسە کە ناوبراو ساڵی ڕابردوو، لە حاڵێکدا کە دەستبەند و پێبەندی پێوە بووە، چەندین جار لە لایەن ژمارەیەک لە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی یەزدەوە لێپرسینەوەی لێکراوەتەوە و لە ڕەوتی لێپرسینەوەکانی هەڕەشەی لێکراوە کە ئەگەر پەشیمانی خۆی دەرنەبڕێت، بۆ هەمیشە لەو مافانەی کە تا ئێستاش لێیان بێبەش بووە، بێبەش دەمێنێتەوە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی بەندکرانیدا لانی کەم دوو جار تووشی نەخۆشیی کۆرۆنا بووە کە لە هەر دوو جارەکەشدا، لە مەرەخەسی بەمەبەستی چارەسەری پزیشکی بێبەش کراوە و هیچ خزمەتێکی پزیشکی لەبەر دەستدا نەبووە.

بنەماڵەی زەینەب جەلالیان، لە ١٧ ساڵی پێشوودا بەردەوام بەمەبەستی بڵاونەکردنەوەی زانیاری لەسەر بارودۆخی ناوبراو لەژێر گوشار داندراون. ئەو بنەماڵە سەرەڕای تەواوی گوشارەکان، جوابی ڕەدیان بە داواکارییەکانی ناوەندە ئەمنییەکان سەبارەت بە وتووێژی دژ بە ڕەوتە سیاسییەکانی کوردستان داوەتەوە.

چوار کەس لە ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە زستانی ساڵی ٢٧٢١، دوای بڵاوکردنەوەی پەیامێکی ڤیدیۆیی لە داوای یارمەتی گۆزەل حاجیزادە، دایکی زەینەب، دەستبەسەر کران. دوای بڵاوکردنەوەی ئەو پەیامە، دایکی زەینەب و براکانی پاشا، ئیبراهیم و یووسف جەلالیان لە ماکۆ بۆ ماوەی شەووڕۆژێک دەستبەسەر کران کە لەئاکامدا بەهۆی لە هۆشچوونی گۆزەل حاجیزادە لە دەستبەسەرگە ئازاد کران.

زەینەب جەلالیان ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٠٧، لە جاددەی کامێران_کرماشان دەستبەسەر کرا و سەرماوەزی ٢٧٠٨ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مورادی بەتۆمەتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە ئێران سزای یەک ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی موحاربە لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٧٠٩ لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە پشتڕاست کراوە و ئەو سزا مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١١ بە لێبوردن و یەک دەرەجە داشکاندن بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی گۆڕدرا. زەینەب جەلالیان لە ماوەی تەواوی ئەو ساڵانەدا بەبێ مافی دەستڕاگەیشتن بە سەرەکیترین مافەکانی لە بەندیخانە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ڕاگیراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە