بەندیخانەی ئێڤین؛ وریشە مورادی سەرەڕای ناجێگیربوونی باری تەندروستی لە پێڕاگەیشتنی پزیشکی بێبەشە

هەنگاو؛ هەینی ٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥
وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە ئەندامانی کژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان)، کە لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، بە هۆی بەربەستی ناوەندە حکوومەتییەکان و بە تایبەت بەرپرسانی بەندیخانەی ئێڤین، سەرەڕای پێویستیی بەپەلەی ناوبراو بۆ پێڕاگەیشتنی پزیشکی، لە چارەسەرکردن بێبەش ماوەتەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسیی کوردی خەڵکی سنە کە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران بەندکراوە لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانیییەکانی دەرۆی بەندیخانە بێبەش ماوەتەوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، وریشە مورادی نەخۆشینی دیسکی کەمەر و ملی هەیە و سێ مانگە لە بڕیاری پزیشک تایبەت بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری ناوبراو تێدەپەڕێ؛ بەڵام تا ئێستا نافەرمانیکردنی بەرپرسان بووەتە ڕێگر لە ئەنجامدانی ئەم نەشتەرگەرییە بەپەلەیە.
پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا لە بارەی بارودۆخی ناوبراو ڕایگەیاندبوو کە ئەشکەنجەدانی وریشە مورادی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە سنە بە ڕادەیەک توند بووە کە لە حاڵەتێکدا خوێنی هەڵهێناوەتەوە و بە تەواوی لە هۆش چووە.
وریشە مورادی پێشتر لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی ئەبولقاسم سەڵەواتی بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامییەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
پارێزەرانی ئەم بەندکراوە سیاسیییە لە ڕەوتی یەکەمین و دووەمین دانیشتنی دادگا مافی خوێندنەوەی دۆسیەکەیان نەبووە و تەنانەت وریشە مورادی لە ڕەوتی دادگادا مافی بەرگریکردن لە خۆی نەبووە.
وریشە مورادی لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لەگەڵ چوار چالاک سیاسیی دیکەدا، بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤین لەلایەن دادگای تاوانەکانی دوو "مجتمع"ی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەبولفەزڵ عامری شەهرابی سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ناوبراو لە ڕۆژی ٥ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، دوای پێنج مانگ بەندکران لە ژووری تاکەکەسی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین، بۆ بەندی ژنانی ئەم بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو لە کۆتاییەکانی گەلاوێژی ساڵی ٢٧٢٣، دوای لێکۆڵینەوە وئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئەوین گواسترابووەوە.
وریشە مواردی، ڕۆژی سێشەممە ١٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٣ (یەکی ئاگۆستی ٢٠٢٣)، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرابوو. ناوبراو لەکاتی ڕفاندنیدا کەوتبووە بەر لێدانی توندی ئەم هێزانە و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابووەوە.