سامان کەریمی و هاوژینەکەی، فەرزانە ڕەشیدی بۆ بەندیخانەکانی بانە و سەقز گواسترانەوە

هەنگاو؛ یەکشەممە ۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشووی مەحکووم بە سێدارە بۆ بەندیخانەی بانە و هاوژینەکەی، فەرزانە ڕەشیدی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی سەقز گواسترایەوە. ئەو دوو هاووڵاتییە ۳۵ ڕۆژی ڕابردوویان بە دەستبەسەرکراوی تێپەڕ کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا فەرزانە ڕەشیدی، تەمەن ۲۶ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی پەیامی نووری بانە و هاوژینەکەی، سامان کەریمی تەمەن ۳۳ ساڵ بۆ بەندیخانەکانی سەقز و بانە گواستراونەتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە ۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۵ی مەی ۲۰۲۵)، سامان کەریمی و فەرزانە ڕەشیدی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
شایەنی باسە کە، هێزە ئەمنییەکان سەرەتا سامان کەریمی، بەندکراوی سیاسیی پێشوویان لە یەکێک لە شەقامەکانی بانە بە بەکارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر کردبوو و دواتر هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەو بنەماڵە و هاوژینەکەی بە ناوی فەرزانە ڕەشیدییان دەستبەسەر کرد.
سامان کەریمی پێشتر، رۆژی پێنجشەممە ١٧ی خەزەڵوەری ٢٧١٨ (٨ی نۆڤەمبەری ٢٠١٨) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی شارامفەڕ لە سنە گواسترابۆوە. ناوبراو ساڵێک دواتر لە ڕێکەوتی ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧١٩ (۱۲ی نۆڤەمبەری ۲۰۱۹) لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی ''بەغی لەرێگای ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران'' سزای سێدارە و ١١ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو سزایە مانگی خەرمانانی ساڵی ۲۷۲۰ لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندراوە و بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە گەڕێندرایەوە.
سامان کەریمی دوای هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە ئازاد کرا و لەکۆتاییدا لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢١ (١٧ی جولای ٢٠٢١) لە لایەن لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای سنە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٤ ساڵ بەندکران، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی وڵات" سزای ٤ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٩ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان قورسترین سزا واتە سزای ٤ ساڵ بەندکران بۆ ناوبراو شیاوی جێبەجێکردن بوو.