جانسۆ ئۆزدەمیر، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا: دۆسیەی زەینەب جەلالیان نموونەیەکی دیاری سەرکوتی نەیارانی سیاسی و کەمینەکانە لە ئێراندا

٢٢ ڕەشەمە ٢٧٢٥، ٢٠:٣١

هەنگاو؛ هەینی ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٥

جانسۆ ئۆزدمیر، نوێنەری کورد-ئەڵمانیی پەرلەمانی ئەڵمانیا لە پارتی چەپ، لە پۆستێکی نوێدا سەبارەت بە چوونە ناو بیستەمین ساڵی بەندکرانی زێنەب جەلالیان لە بەندیخانەی یەزد هاوکات لەگەڵ شەڕی ئێران-ئیسرائیل و ئەمریکا، ڕایگەیاند: «من کەفالەتی پەرلەمانیی بەندکراوی سیاسیی کورد، زەینەب جەلالیانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتم لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا گرتووەتە ئەستۆ. ئەو لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە لە ئێران دەسبەسەرکراوە. سزای لەسێدارەدانی لە ساڵی ٢٠١١دا گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.»

جانسۆ ئۆزدەمیر کە لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە کەفالەتی زەینەب جەلالیانی لەئەستۆیە، لە پۆستە نوێیەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان ساڵانێکە ڕاپۆرت لەسەر هەڵسوکەوتی خراپ و هەروەها بێبەشکردنی ئەو لە دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە پزیشکییە گونجاوەکان بڵاو دەکەنەوە و وتی: «دۆسیەی زەینەب نموونەیەکی بەرچاوی سەرکوتی نەیارانی سیاسی و کەمینەکانە لە ئێران، بەتایبەت چالاکانی کورد.»

جانسۆ ئۆزدومیر هەروەها بە ڕاگەیاندنی ئەوەی کە ئەو لە چوارچێوەی بەرنامەی پاڵپشتیی "پەرلەمانتاران لە پەرلەمانتاران" کار دەکات، وتی: «ئێمە وەک نوێنەرانی پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا بۆ داکۆکیکردن لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ کە لەژێر مەترسیدان و بەندکراوانی سیاسی لە سەرانسەری جیهاندا چالاکی دەکەین. من وەک کەفیلی پەرلەمانی هەوڵ دەدەم دۆسیەی زێنەب جەلالیان لە ئاستی جیهانیدا ببینرێت و لەژێر سەرنجدا بمێنێتەوە. نابێت زیندانیانی سیاسی لەبیر بکرێن.»

زەینەب جەلالیان لە ٧ی ڕەشەممەی ٢٧٠٧، لە ڕێگەی کامێران بۆ کرماشان دەستبەسەر کرا و لە سەرماوەزی ٢٧٠٨دا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشان بە سەرۆکایەتیی دادوەر مرادی، بە تۆمەتی چوونە دەرەوەی نایاسایی لە وڵات سزای ساڵێک بەندکرانی تەعزیری و بە تۆمەتی "موحاربه" لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

سزای لەسێدارەدانی ناوبراو لە ساڵی ٢٧٠٩دا لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە و ئەم سزایە لە خەزەڵوەری ٢٧١١ بەر لێبووردن کەوت و بە پلەیەک کەمکردنەوە گۆڕدرا بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە