سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و منداڵەکەی دوای هاتنیان بۆ مورەخەسی ئێرانیان بەجێهشت

هەنگاو؛ دووشەممە ٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سۆعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پیرانشار لەگەڵ منداڵە بچووکەکەی کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ ماوەیەکی کاتی هاتبووە مرەخەسی؛ بۆ هەمیشە ئێرانی بەجێهشت .ناوبراو سەرجەم هەزار و دووسەد و ١٧ ڕۆژ بەندکرانی لەسەر یەک و بە بێ مورەخەسی تێپەڕاندبوو. منداڵی ناوبراو لە بەندیخانە لە دایک بوو و نزیکەی سێ ساڵی تەمەنی لە بەندیخانە تێپەڕ کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو سۆعدا خەدیرزادە، بەنکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی پیرانشار لە مورەخەسییەکەیدا بۆ یەکەمین جار دوای چەندین مانگ دەستبەسەرکران وەریگرتبوو، ئێرانی بەجێهشت.
ناوبراو ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، بۆ یەکەمین جار دوای ٤٠ مانگ بەنکران، بە دانانی بارمتەی دوو میلیار و پێنسەد تمەنی لەگەڵ منداڵەکەی کە تەمەنی ٢ ساڵ و ٨ مانگە بە ناوی ئاڵا ئیسماعیلی بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ هاتبووە مورەخەسی.
سۆعدا خەدیرزادە دۆخێکی زۆر سەختی لە ماوەی دەستبەسەرکرانەکەی تێپەڕ کردبوو. ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ئورمیە منداڵی بوو و بە بێ تەواوبوونی ماوەی دەرمانییەکەی و دوای یەک ڕۆژ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.
ناوبراو لە لایەن دادگای تاوانەکانی یەکی مەهاباد، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتنی یەکێک لە ئەندامانی سوپای پاسداران وئەندامییەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ١٢ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
سۆعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەری ٢٧٢١، لە لایەن هێزە حکوومەتییەکان لە پیرانشار دەستبەسەر و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە.