ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوێک لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا

هەنگاو؛ شەممە ١١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
حەوتووی ڕابردوو سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بەناوی محەممەدڕەزا ڕەزایی خەڵکیشاری پۆلدەختەر سەر بە پارێزگای لوڕستان، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (٢٣ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی محەممەدڕەزا ڕەزایی، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی پۆلدەختەر لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.
سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە، محەممەدڕەزا ڕەزایی لە ٢ ساڵ پێشترەوە بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.