جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی خۆی، ماکۆ، شیراز، کرماشان، ئیسفەهان، شیروان و خوڕەماوا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
لە درێژەی ڕەوتی جێبەجێکردنی سزای بەندکراوانی مەحکووم بە سێدارە لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، سزای سێدارەی لانی کەم ٨ بەندکراو لەوانە دوو بەندکراوی کورد، دوو بەندکراوی لوڕ، دوو بەندکراوی تورک و بەندکراوێکی گیلەک بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» و تاوانە پەیوەندیدارەکان بە «ماددە هۆشبەرەکان»، لە بەندیخانەکانی خۆی، ماکۆ، شیراز، کرماشان، ئەسفەهان، شیروان و خوڕەماوا جێبەجێ کرا.
بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢٠ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (١٠ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بە ناوی وەلی مورادی لە بەندیخانەی ناوەندیی خۆی جێبەجێ کرا. ناوبراو پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن ناوەندە دادوەرییەکانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هاوکات و هەر ئەو ڕۆژە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی زەکەریا خزرنژاد لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری ماکۆ جێبەجێ کرا. ناوبراو خەڵکی ماکۆ بوو و پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
لە درێژەی شەپۆلی سێدارەکانی ڕۆژانی ڕابردوودا، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی جۆزەردان، سزای سێدارەی دوو بەندکراو بە ناوەکانی فەرهاد مینایی هاووڵاتیی تەمەن ٤٠ ساڵەی لوڕ و خەڵکی شاری برووجێرد و حوسێن ساڵحپوور بەندکراوی فارس و خەڵکی شیراز کە لە دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە تاوانەکانی «ماددە هۆشبەرەکان» سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی شیراز (عادڵئاوا) جێبەجێ کرا.
فەرهاد مینایی دوو ساڵ پێش و حوسێن ساڵحپوور چوار ساڵ پێش لەسەر تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپابوو.
هەر ئەو ڕۆژە، سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد بە ناوی داریووش قوبادی، خەڵکی کرماشان، لە بەندیخانەی دیزڵاوای ئەم شارە جێبەجێ کرا. ناوبراو سێ ساڵ پێش لەسەر تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەستی ٥ کەس (چوار کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی خۆی و هاووڵاتییەکی دیکە) دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای تاوانەکانەوە سزای ٥ جار قیساسی نەفسی بەسەردا سەپابوو.
لە درێژەی سێدارەکانی ئەم ڕۆژەدا، سزای سێدارەی هاووڵاتییەکی گیلەک و خەڵکی ڕەشت بە ناوی ڕەزا قەنبەرلوو، تەمەن ٤٥ ساڵ لە بەندیخانەی دەستگردی ئیسفەهان جێبەجێ کرا. ڕەزا قەنبەرلوو، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ بوو کە ٥ ساڵ پێش بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان دەستبەسەر کرابوو و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەسفەهانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو.
هەروەها، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، سزای سێدارەی بەندکراوێکی تورک بە ناوی کەرامەت مەنسووری، تەمەن ٥٣ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شیروان سەر بە پارێزگای خوراسانی باکوور جێبەجێ کرا. کەرامەت مەنسووری، خەڵکی گوندی «باغان» سەر بە شیروان و باوکی چوار منداڵ بوو. ناوبراو نزیکەی پێنج ساڵ پێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای قیساسی بەسەردا سەپابوو.
ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی بانەمەری ٢٧٢٦یش، سزای سێدارەی بەندکراوێکی لوڕ بە ناوی ئەحمەدرەزا تورابی، تەمەن ٣٢ ساڵ، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەماوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کراوە. ناوبراو خەڵکی خوڕەماوا بوو و نزیکەی پێنج ساڵ پێش لە کاتی شەڕێکی سەرشەقام بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرابوو و سزای قیساسی بەسەردا سەپابوو.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم ٨ بەندکراوە لەلایەن میدیاکانی ناوخۆیی ئێران و ناوەندە فەرمییەکانی سەر بە دەزگای دادوەرییەوە ڕانەگەیەندراوە.