جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی ژن لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا

١٣ ڕێبەندان ٢٧٢٤، ١٩:٤٧

هەنگاو؛ شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی ژنێکی لوڕی خەڵکی خوڕەمئاوا بە ناوی مریەم کاویانی کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا (بەندیخانەی پارسیلۆن) جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی شەممە ١٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (١ی فێبریوەریی ٢٠٢٥)، سزای سێدارەی ژنێک بە ناوی مریەم کاویانی لە بەندیخانەی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، مریەم کاویانی پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی هاوژینەکەی خۆی دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٤ لانی کەم سزای سێدارەی ٣٠ بەندکراوی ژن لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە