دەستبەسەرکرانی سۆهەیلا موتاعی لە دێولان؛ ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی هەشتی مارس لە سنە گەیشتە سێ کەس

هەنگاو؛ سێشەممە ٢١ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
بە دەستبەسەرکرانی سۆهەیلا موتاعی، لە چالاکانی بواری مافەکانی ژنان، ژمارەی چالاکانی ژنی دەستبەسەرکراوی ئەمڕۆ لە دوو شاری سنە و دێولان گەیشتە سێ کەس. سۆهەیلا موتاعی لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"یە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٠ی مارسی ٢٠٢٥)، سۆهەیلا موتاعی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری دێولان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا.
سۆهەیلا موتاعی، سێومین چالاکی مەدەنییە کە لە پەیوەندی لەگەڵ چالاکی و بەشداری لە ڕەوتی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە دەستبەسەر کراوە.
سۆهەیلا موتاعی ڕۆژی چوارشەممە ٣ی ڕێبەندانی ٢٧٢٤ (٢٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، لە گۆڕەپانی ساعەتی دێولان بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە بەدانانی بارمتەی دووسەد ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرا.
ئەو چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادیدا دوو جار دەستبەسەر کرابوو و دواتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری دێولانەوە سەرجەم سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو دوای تێپەڕکردنی چەند مانگ دەستبەسەربوون لە ماوەی سزاکەی بە لێبوردن لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، باران ساعیدی، چالاکی مەدەنی تەمەن ٤٥ ساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە سازکردنی کەشی ترس لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرا.
هەروەها کۆتاییەکانی ڕۆژی دووشەممە، سۆما محەممەدڕەزایی، چالاکی مەدەنی تەمەن ٣٨ ساڵ لە شوێنی کارەکەی خۆی لە مۆڵی ئەڵماسی سنە دەستبەسەر کرا.