بۆکان؛ بەردەوامیی دەستبەسەرکران و نادیاربوونی چارەنووسی ئەستی محەممەدی دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکرانی ئەستی محەممەدی، نهە هاووڵاتییەکت تەمەن ٦٧ ساڵانی کورد و خەڵکی شاری بۆکان، دۆخی تەندروستی، شوێنی ڕاگیران و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی هێشتا نادیارە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دووشەممە ٢١ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (١١ی مەی ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بە هێرشکردنە سەر ماڵی خێزانیی ئەستی محەممەدی لە شاری بۆکان، بێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگە یان حوکمێکی دادوەری ڕێوشوێنی دەستبەسەرکردنیان گرتووەتە بەر.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، هێزە حکومەتییەکان لە کاتی ئەم هێرشەدا وێڕای پشکینینی تەواوی ماڵەکە، دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تایبەتیی ناوبراودا لەوانە مۆبایل، ئەلبوومی وێنە بنەماڵەیییەکان و چەند کتێبدا گرتووەو لەگەڵ خۆیان بردوویانن.
هەنگاو زانیویەتی کە، ئەستی محەممەدی دوای دەستبەسەرکرانی بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ئورمیە گواستراوەتەوە. سەرەڕای ئەمەش، ناوبراو لە ماوەی ١٠ ڕۆژی ڕابردوودا لە مافی هەر جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ کەسوکاری، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دڵخوازی خۆی بێبەش کراوە و زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لەبەردەستدا نییە.