مەشهەد؛ ڕاپۆرتی تەواوکەری هەنگاو لەسەر پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەی ٣١ کەس لە دەستبەسەرکراوانی ڕێوڕەسمی حەوتەمی خوسرەو عەلیکوردی

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٥، ٢١:٤٥

هەنگاو؛ هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥

نوێترین هەواڵەکان لە مەشهەدەوە باس لەوە دەکەن کە ڕۆژی ڕابردوو لانی کەم ٤٠ هاووڵاتی و چالاکی مافی مرۆڤ، سیاسی و مەدەنی لە ڕێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری گیانلەدەستداوی کورد، دەستبەسەر کراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ٣١ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە. بەم شێوەیە لە لیستی نوێکراوەدا، جگە لەو سێزدە کەسەی ناو لیستی ڕۆژی پێشوو، ناوی چەند کەسێکی دیکە وەک جەواد عەلیکوردی، محمەممەد حوسێن حوسێنی، حامید حوسێنی و حەیدەر چاچەمەندی، چالاکانی کۆمەڵایەتی و هەروەها تەیبە نەزەری، جەواد جەلالی، مەحموود خانعەلی، ئەمیر خاوەری، یاسر دەهستان، پوریا نەجارزاده، ئیرەج، موجتەبا و بەهرووز عەلیکوردی، میلاد فەتاح، حامید ڕەسووڵخانی، مەهدی ڕەسووڵخانی، حوسێن موحببی، محەممەدرەزا بابایی و حامید زارعی زیاد بووە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) لە درێژەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی، پارێزەری گیانلەدەستداوی کورد و خەڵکی سەبزەوار لە مەشهەد، هێزە حوکوومییەکان بە هێرشکردنە سەر شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکە لانی کەم ٤٠ کەس لەوانە نێرگس محەممەدی، براوەی خەڵاتی نۆبێل، شەش ئەندام لە بنەماڵەی عەلیکوردی و ژمارەیەک لە بەندکراوانی سیاسیی پێشوو و چالاکانی مەدەنی و هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازانیان دەستبەسەر کردووە.

لیستی بەڕۆژکراوی هەنگاو لە دەستبەسەرکراوان بەم شێوەیەیە: نێرگس محەممەدی بەندکراوی سیاسیی پێشوو و براوەی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل، پووران نازمی، عالیە موتەللیبزادە، سپێدە قولیان، هەستی ئەمیری و ئەبوولفەزل ئەبری بەندکراوانی سیاسیی پێشوو، عەلی ئادینەزادە، جەواد عەلیکوردی، داوود عەلیکوردی و ئەحمەد عەلیکوردی، بەهرووز عەلیکوردی، ئیرەج عەلیکوردی و موجتەبا عەلیکوردی هاووڵاتییانی کورد و لە ئەندامانی بنەماڵەی خوسرەو عەلیکوردی، نوورا حەقی، حەسەن باقری‌نیا، کەماڵ جەعفەری یەزدی و محەممەدحوسێن حوسێنی، یاریزانی تۆپی پێ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، جەواد جەلالی، مەحموود خانعەلی، ئەمیر خاوەری، حامید حوسێنی و حەیدەر چاچەمەندی، دوو چالاکی کۆمەڵایەتی، تەیبە نەزەری دایکی مریەم ئاروین لە گیانبەختکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، میلاد فەتاح، یاسر دەهستان، پوریا نەجارزاده، حامید ڕەسووڵخانی، مەهدی ڕەسووڵخانی، حوسێن موحیببی، محەممەدرەزا بابایی و حامید زارعی.

لەم نێوەدا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ٢١ی سەرماوەزی، کەمێک دوای بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی و دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە بەشداربووان، جەواد عەلیکوردی برای، لەگەڵ سێ کەسی دیکە لە ئەندامانی بنەماڵەکەی بە ناوەکانی ئیرەج، بەهرووز و موجتەبا لە نووسینگەی کارەکەی جەواد عەلیکوردی لە مەشهەد دەستبەسەر کراون. جەواد چەند کاتژمێرێک دوای دەستبەسەرکردنی میوانانی ڕێوڕەسمی براکەی، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک هۆشداری دا بە دەزگا حوکوومییەکان کە دەبێت چالاکان و کەسایەتییە دەستبەسەرکراوەکان لە ڕێوڕەسمی حەوتەی براکەی ئازاد بکەن؛ ئەگەر نا ئەوەی وەک "دەقی نهێنی" باسی لێکرد ،بڵاوی دەکاتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان ژمارەیەک لەم کەسانە بە بڕیاری دیاریکردنی بارمتە و ژمارەیەکی دیکەشیان بە دیاریکردنی بڕیاری دەستبەسەرکردنی کاتی بۆ بەندیخانەی وەکیل ئابادی مەشهەد بەڕێکراون.

مەرزیە ئادینەزادە، کچی عەلی ئادینەزادە بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک ڕایگەیاندووە کە باوکی لە پەیوەندییەکی کورتدا ناوی هێزەکانی پۆلیسی وەک دەزگای دەستبەسەرکەری بەشداربووانی ڕێوڕەسمی حەوتە ناو بردووە، هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەم هێزانە بە لێدان و توندوتیژییەکی زۆر ئەم کەسانەیان دەستبەسەر کردووە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک لە بنەماڵەی دەستبەسەرکراوەکان لەوانە برای سپێدە قولیان ڕایگەیاندووە کە هێشتا هیچ زانیارییەکیان لە چارەنووسی خوشکەکەیان نییە و ڕێگەی هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵە بە سپیدە نەداوە.

لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی شەممە ٢٢ی سەرماوەزی، دادوەری گشتی و شۆڕشی مەشهەد هەواڵی دەستبەسەرکردنی ٣٩ کەسی لە درێژەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی حەوتەی خوسرەو عەلیکوردی لەم شارەدا ڕاگەیاند. حەسەن هیممەتی فەر بە میدیا حوکوومییەکانی ڕاگەیاندووە کە ئەم کەسانە بەهۆی ئەوەی ناوی لێناوە "ڕەفتار و کردەوە پێوەرشکێنەکان" دەستبەسەر کراون. ناوبراو هەروەها ئیدیعای کرد کە لە درێژەی ئەم ڕێوڕەسمەدا، دوو کەس لە هێزەکانی پۆلیس بریندار بوون.

شایانی باسە کە ڕۆژی ڕابردوو بەهۆی ناڕوونبوونی چارەنووسی ئەسەدوڵڵا فەخیمی، ئەکبەر ئەمینی، حەبیب فدایی و ڕەزا ئادینەزادە دوای هێرشی هێزە حوکوومییەکان بۆ سەر ڕێوڕەسمەکە، ناوی ئەوانی وەک دەستبەسەرکراو بڵاو کردبووەوە کە درەنگانی ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو گەڕانەوە ماڵەکانیان و بەم شێوەیە وێڕای دەستکاریکردنی هەواڵەکە، داوای لێبووردن لە خوێنەران دەکەین.

خوسرەو عەلیکوردی کە لە ساڵانی ڕابردوو ڕووبەڕووی دۆسیەسازکردن و گوشارە ئەمنی ـ دادوەریەکان ببووەوە، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٥ی دیسەمبەری ٢٠٢٥) بە شێوەیەکی گوماناوی لە نووسینگەی کارەکەی گیانی لەدەست دا.

لە کاتێکدا بەرپرسان هۆکاری مردنی ناوبراویان وەستانی دڵ ڕاگەیاند؛ بەڵام بەڵگەکان و وتەی نزیکان و پارێزەران، لەوانە خوێنبەربوونی نائاسایی و ئەگەری زیانی جەستەیی، گومانی جیدییان سەبارەت بە ڕۆلی هێزەحوکوومیەکان لە مەردنی عەلیکوردی دروست کرد.

تەرمی خوسرەو عەلیکوردی، ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥، لە زێدی خۆی لە عەبدولئاوای سەبزەوار بە خاک سپێردرا. جەواد عەلیکوردی، برای خوسرەو، لە وتارەکەیدا جەختی لەسەر پابەندیی ئەخلاقی و مرۆیی براکەی کردەوە و باسی لەوەکرد کە ساڵانێکی زۆر داکۆکی لە کەسانی بێدەنگ کردووە، دۆسیەی قورسی وەرگرتووە و بەرگەی گوشارە ئەمنییەکانی گرتووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە