بۆکان؛ دەستبەسەرکرانی سێ ژن بەناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور، شلێر ئەمینپوور و مەنیژە خۆشنوود
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۶
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە شاری بۆکان سێ ژنی کورد لەوانە دوو خوشک بەناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور و شلێر ئەمینپوور و مەنیژە خۆشنوود بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۶ی جۆزەردانی ۲۷۲۶ (۲۷ی مەی ۲۰۲۶)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە شاری بۆکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی دوو خوشک بەناوەکانی حومەیرا ئەمینپوور تەمەن ۵۰ ساڵ و شلێر ئەمینپوور و دەستبەسەریان کردوون. ئەو هێزانە وێڕای پشکنینی ماڵەکەیان، دەستیان بەسەر هەندێک کەلوپەلی تایبەتی ئەو هاووڵاتییانەدا گرتووە.
هەروەها ڕۆژی سێشەممە ۵ی جۆزەردان (۲۶ی مەی)، هێزە حکومەتییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی مەنیژە خۆشنوود، هاووڵاتیی تەمەن ۵۸ ساڵی خەڵکی بۆکان و دەستبەسەریان کردووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا بە هەنگاوی ڕاگەیاند: «هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی چوونەتە نێو ماڵی مەنیژە خۆشنوود و دوای دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە، دەستیان بەسەر کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی ناوبراو بریتی لە لەپتاپ، مۆبایل و هەروەها ژمارەیەک کتێبدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.»
شایەنی باسە کە، مەنیژە خۆشنوود پێشتر لە ساڵی ۲۷۲۴ لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت» سزای ۱۰ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
سەرەڕای تێپەڕبوونی دوو ڕۆژ لە کاتی دەستبەسەرکرانی ئەو سێ هاووڵاتییە، بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان و سەردانی ناوەندە ئەمنی و دادوەرییەکانی بۆکان بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە شوێنی ڕاگرتن، بارودۆخی تەندروستی و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان بێ ئاکام ماوەتەوە.