بەندیخانەی ئورمیه؛ گیانلەدەستدانی نوسرەت خالیدی، بەندکراوی کوردی مەحکووم بە سێدارە بە هۆی جەڵتەی دڵ و کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە
هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٦
بەندکراوێکی کورد و خەڵکی ئورمیه بە ناوی نوسرەت خالیدی، بەندکراو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیه و مەحکووم بە سێدارە، بە هۆی زەختی دەروونیی لە ژێر سێبەری سزای سێدارە، کەمتەرخەمیی بەرپرسانی بەندیخانە بەرامبەر باری تەندروستیی ناوبراو و دواخستنی گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، نوسرەت خالیدی ڕۆژی سێشەممە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٨ی ژولای ٢٠٢٦)، دوای سێ ڕۆژ ئزاری سەختی دڵ و دوای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵە و هاوبەندییەکانی، سەرئەنجام بۆ نەخۆشخانەی «سەییدولشوهەدا»ی ئورمیه گواستراوەتەوە، بەڵام تەنیا ١٠ خولەک دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
نوسرەت خالیدی، خەڵکی گوندی «سنجی»ی سەر بە ئورمیه، خێزاندار و باوکی ٥ منداڵ لەوانە کچێکی خاوەن پێداویستیی بوو.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ناوبراو پێشتر بە تۆمەتەکانی پەیوەندیدار بە «ماددە هۆشبەرەکان» دەستبەسەرکرابوو و لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە سێدارە مەحکووم کرابوو. ناوبراو لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا لەژێر زەختی توندی دەروونی ترس لە بەڕێوەچوونی سزای سێدارەکەی بووە.
بەوتەی کەسوکاری بنەماڵەی خالیدی، نوسرەت خالیدی بۆ ماوەی سێ ڕۆژی ڕووبەڕووی ئازاری دڵ ببووەوە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی ئورمیه لە ناردنی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە خۆیان دزیبووە. ناوبراو سەرئەنجام ڕۆژی ٦ی گەلاوێژ لە بارودۆخێکی زۆر خراپدا بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە کە بە هۆی کەمتەرخەمیی ئانقەست لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکیی بەپەلەدا، گیانی لەدەست دا.
بێبەشکردنی ئانقەستی بەندکراوان لە خزمەتگوزاریی پزیشکی و ڕەوانەنەکردنی بەوەختی ئەو نەخۆشانەی لە بارودۆخی مەترسیی گیانیدان، نموونەی بەرچاوی زەوتکردنی مافی ژیان و پێشێلکاریی ڕاشکاوی ماددەی ٦ (مافی ژیان) و ماددەی ١٠ (هەڵسوکەوتی مرۆڤانە و ڕێزگرتن لە کەرامەتی بەندکراوان)ی پەیماننامەی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە.