ئازادی كاتیی سولەیمان چووپانی؛ هەڵوەشاندنەوەی سزای بەندكران و دادگاییكردنی دووبارە لە مەهاباد

هەنگاو؛ یەكشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤
سزای بەندكرانی دوو ساڵ و ٧ مانگی سولەیمان چووپانی، هاووڵاتیی كورد و خەڵكی پیرانشار هەڵوەشێندرایەوە و دۆسیەی ناوبراو دیسان بەدواداچوونی بۆ دەكرێت. ناوبراو كە لە دووەمین ساڵڕۆژی كوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر كرابوو بە دانانی بارمتە و بە شێوەیەكی كاتی لە بەندیخانە ئازاد كراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٥ی مارسی ٢٠٢٥)، سولەیمان چووپانی خەڵكی گوندی "گردشكانە"ی سەر بە پیرانشار بە دانانی بارمتەی ٣ ملیاری بە شێوەیەكی كاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد كرا.
بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار، سزای بەندكرانی سولەیمان چووپانی، دوای ناڕەزایەتیی ناوبراو هەڵوەشێندراوەتەوە و بە زوویی لە دادگای مەهاباد دیسانەوە دادگایی دەكرێت.
ناوبراو پێشتر لە لایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەكانی دووی پیرانشار بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران " و "پڕوپاگەندە دژی حكوومەت" سزای دوو ساڵ و ٧ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
سولەیمان چووپانی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هاوكات لەگەڵ دەستبەسەركرانی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەی دەستبەسەر كرا.
ئەم هاووڵاتییە لە كۆتاییدا ڕۆژی ٢٧ی خەرمانانی ئەم ساڵ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات لە ئورمیە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترایەوە.
شایانی باسە كە، سولەیمان چووپانی لە ماوەی دەستبەسەركرانەكەیدا لە مافی دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها مافی چاوپێكەوتن لەگەڵ بنەماڵەكەی بێبەش بوو.