نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ چەوساندنەوەی کوشندەی کورد، بەلووچ و عەرەبەکان لە ئێران

٢٦ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ٢٠:٢٦

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٦ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر بابەتی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، پێشوازی دەکات. ئەم ڕاپۆرتە کە لە سێ بەشی پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی ژنان، ژنکوژییەکان و سێدارە به ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتی بەستووە، جارێکی دیکە لەسەر لەسێدارەدرانی بەرفراوان و ئامانجداری کەمینە نەتەوەیی/ئیتنیکییەکان لە ئێران پێداگری کردووە و نیشان دەدات کۆماری ئیسلامیی ئێران، سێدارە وەکوو ئامرازێک بەمەبەستی کوشتن، چەوساندنەوە و ترساندنی ڕێکخراوانە، بەتایبەت لە پەیوەندی لەگەڵ کوردەکان، بەلووچ و عەرەبەکان کەڵک وەردەگرێت.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە بە شوورای مافەکانی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش کراوە، ٤٩٪ی بەندکراوانی سیاسی لەسێدارەدراو لە ئێران لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠٢٣ (١٣ ساڵ)، لە کەمینەی نەتەوەیی کورد بوون. هەروەها ٢٩٪ لە هاووڵاتییانی بەلووچ و ١٦٪ لە هاووڵاتییانی عەرەب و ٦٪ی دیکە لە کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکانی دیکە بوون.

ئەو ئامارە کە لە بەڵگەکانی هەنگاویش لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لەسەری باس کراوە، نیشانەیەکی ئاشکرا لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییە. کۆماری ئیسلامی ئێران بە گرنگینەدان بە بنەماکانی مافی مرۆڤ، نە تەنیا بە چەوساندنەوەی ڕێکخراوانەی ئەو کۆمەڵگایانە درێژە دەدات، بەڵکوو سێدارە بە ئامرازێک بۆ لەنێوبردنی ناسنامە، بەرخۆدان و مافی ژیانی ئەوان دەگۆڕێت.

هەنگاو لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا یەک لە سەرەکیترین سەرچاوەکانی بەڵگەمەندسازی و ڕاگەیاندنی ڕاپۆرت لەسەر سێدارە و چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی/ئیتنیکییەکان لە ئێراندا بووە. ئەو ڕێکخراوە کە بەهۆی دەستڕاگەیشتنی بەرفراوانی خۆی بە سەرچاوە مەیدانی و تۆڕە هەواڵنێرییە سەربەخۆکان، ڕاستییەکانی چەوساندنەوەی بە سەرنج و وردەکارییەوە بەڵگەمەند کردووە، چەندین جار سەبارەت بەوەیکە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سێدارە وەکوو ئامرازێک بەمەبەستی چەوساندنەوە کەڵک وەردەگرێت هۆشداری داوە. ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەختکردنەوەیەک لەسەر ئەو ئاگادارکردنەوە و بەڵگە پێشکەشکراوەکانی هەنگاوە.

لەو ڕاپۆرتەدا هەروەها بە چەوساندنەوەی بەرفراوانی دژبەران، ژنکوژی، دەستبەسەرکرانی سەرەڕۆیانەی چالاکانی مەدەنی، ئازاردانی بنەماڵەی دادخوازان، و زیاتربوونی گوشارەکان لەسەر کۆمەڵگای مەدەنی ئاماژە کراوە. ئەو زانیارییانە پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتە بەڵگەمەندەکانی هەنگاون کە دەیسەلمێنن کۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەت پاش بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» چەوساندنەوەی کەمینە نەتەوەیی/ئیتنیکییەکانی زیاتر کردووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە درێژەی لەسێدارەدرانە ئامانجدارەکان، داوا لە شوورای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرجەم ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بۆ ڕاگرتنی ئەو تاوانانە کردەوەیەکی دەستبەجێیان هەبێت. لەسیدارەدرانە بەرفراوانەکان، پێشێلکردنی ڕێکخراوانەی مافەکانی مرۆڤ و بەردەوامیی چەوساندنەوەکان دەیسەلمێنن کە کۆماری ئیسلامیی ئێران نە تەنیا ڕیفۆرم ناکرێت، بەڵکوو بەشێوەی ئەنقەست سیاسەتی لەنێوبردنی فیزیکی و کولتووریی کەمینەکانی لەپێش گرتووە.

هەنگاو بە ئەرکی خۆی لەسەر بەڵگەمەندکردن و ئاشکراکردنی تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران درێژە دەدات و لە سەرجەم داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ داوا دەکات کە لەو ڕێگایەدا، هاودەنگ بن. سێدارە، ئامرازێکی تاوانی دەوڵەتییە و دەبێت ڕاگیردرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە