ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمی ناسر بەکرزادە و مێحراب عەبدوڵڵازادە، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە

٢٨ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٢١:٤٨

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو بەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارە ناسر بەکرزادە و مێحراب عەبدوڵڵازادە، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی ئورمیە، تا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان نەکراوەتەوە و ناوەندە حکومەتییەکان ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە ڕێوڕەسمێکی سەرەخۆشیی گشتی لە ناو شاری ئورمیەدا کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو بەسەر جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و مێحراب عەبدوڵڵازادە، تەرمی ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە کوردە وێڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان ڕادەست نەکراوەتەوە و بەرپرسانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە "هیچ تەرمێک ڕادەست ناکرێتەوە". هەروەها ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ئەم دوو بەندکراوە، بەهۆی ڕێگریی ناوەندە حکومەتییەکان لە بەڕێوەچوونی هەر جۆرە پرسەیەک لە ماڵەکانیاندا لە ناو شاری ئورمیە، لە گوندەکانی زێدی خۆیان بەڕێوە چوو.

شایانی باسە کە سزای لەسێدارەدانی ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە شێوەیەکی نهێنی، بێ مافی دواچاوپێکەوتن و ئاگادارکردنەوەی بنەماڵە و پارێزەرەکانیان جێبەجێ کراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، بنەماڵەی ئەم دوو بەندکراوە دوای لەسێدارەدانی کوڕەکانیان، لەلایەن ناوەندە حکومەتییەکان لەوانە ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگ کراون و هەڕەشەیان لێ کراوە کە لە بەڕێوەبردنی هەر جۆرە پرسەیەک لە ئورمیەدا خۆیان بپارێزن. هەربۆیەش ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی ناسر بەکرزادە لە گوندی "گەلاز"ی سەر بە شنۆ شنۆ و ڕێوڕەسمی پرسەی میحراب عەبدوڵڵازادە لە گوندی "خۆشالان"ی ئورمیە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی سنووردار لە هاووڵاتییان بەڕێوە چوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٦ ساڵانی کورد و خەڵکی ئورمیە لە بەرەبەیانی ١٢ی بانەمەڕدا، هێزە حکومەتییەکان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە: "کوڕەکەتانمان لەسێدارە داوە و تەرمەکەیمان فڕێ داوە، خۆتان بڕۆن بیدۆزنەوە."

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوانە و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی تەرمەکانیان، بە پێچەوانەی سەرجەم پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی دادگاییکردنی دادپەروەرانە و بە نیشانەیەکی ڕوونی "کوشتنی حکومەتی"، "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" و بەکارهێنانی ئامرازیی سزای سێدارە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بۆ ترساندنی هاووڵاتییان دەزانێت.

 

دۆسیەی ناسر بەکرزادە

سزای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، دوای دوو جار هەڵوەشاندنەوەی حوکمەکە لە دیوانی باڵا و ناردنی بۆ لقی هاوشێوە، لە کۆتاییدا ڕۆژی ٣٠ی خاکەلێوە بۆ جاری سێیەم لەلایەن دیوانی باڵاوە پشتڕاست کرایەوە. پارێزەرەکانی ناوبراو ڕۆژی ٥ی بانەمەڕ لەم حوکمە ئاگادار بوونەوە.

ناسر بەکرزادە نیوەڕۆی ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، سەرەڕای داواکاریی بەپەلەی پێداچوونەوەی پارێزەرەکانی، دوای بانگکرانی بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسانی جێبەجێکردنی حوکمەکانی دادگای شۆڕش لە نووسینگەی جێبەجێکردنی حوکمەکان، بە ئۆتۆمبێلێکی ساردکەرەوە لە بەندیخانە بردرایە دەرەوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

شایانی باسە کە لە مانگی بانەمەڕدا و دوای پشتڕاستکردنەوەی جاری سێیەمی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە، دایک و باوکی ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردەوە و داوای ڕاگرتنی حوکمەکەیان کرد و چەندین جار جەختیان لە بێتاوانیی کوڕەکەیان کردەوە. دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڤیدیۆیە، ناسر بەکرزادە دووبارە خرایە ژێر گوشاری ئەمنی و بەدوای ئەوەدا ڕۆژی ١٠ی بانەمەڕ لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەوە بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، یەکێک لە پارێزەرانی ئەم بەندکراوە سیاسییە، بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی گواستنەوەی ناسر بەکرزادە لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە بۆ شوێنێکی نادیار ڕایگەیاند، دوای چوونەناو سیستەمی "سەنا" بۆ ئاگاداربوون لە دۆخی دۆسیەکە، دەستڕاگەیشتنی پارێزەران بە دۆسیەکە سنووردار کراوە و هیچ زانیارییەک سەبارەت بە بڕیاری ئەگەری لەبەردەستدا نییە.

سێداد شێرزاد، پارێزەرێکی دیکەی ئەم بەندکراوە سیاسییە، ئەویش بە ڕاگەیاندنی هەواڵی پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، لقی دووه‌می دادگای شۆڕشی ئورمیە سەرەڕای دوو جار هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵاوە بەهۆی چەندین هۆکار، لە کاتێکدا بۆ جاری سێیەم ئەم بەندکراوەی بە سێدارە مەحکوم کردووە کە لە دادنامەی سێیەمی سێدارەشدا ناڕوونییە زۆرەکانی دیوان و هۆکارەکانی لقی ٣٩ کەم تا کورت وەک خۆیان ماونەتەوە و لقی دووەمی دادگای شۆڕشی ورمێ سەرنجی پێ نەداون.

ناسر بەکرزادە ڕۆژی ١٢ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر "نەجەفزادە" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو. ئەم حوکمە بەهۆی تانەدان لێی هەڵوەشایەوە و لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە بۆ لقی هاوشێوە نێردرایەوە.

ناوبراو جارێکی دیکە لەلایەن لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "شاهینی" بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپایەوە، کە ئەم حوکمەش لە خەزەڵوەری ٢٧٢٥دا لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە هەڵوەشێندرایەوە و بۆ لقی هاوشێوە لە دادگای شۆڕش نێردرایەوە. لە ڕێبەندانی ٢٧٢٥دا دووبارە سزای سێدارە دەرکرایەوە و ئەم حوکمە لە کۆتاییدا، ڕۆژی ٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرایەوە.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ڕێکەوتی ١٨ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند هەفتەیەک بە "وەرگرتنی بەڵێننامە" بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٢ی بەفرانباری ٢٧٢٣، جارێکی دیکە لەلایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرایەوە و دوای چەند مانگ لێپرسینەوە لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا لە دەستبەسەرگەی ئەلمەهدیی سوپای ورمێ، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوە.

دوای لەسێدارەدانی ناسر بەکرزادە، ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم هاووڵاتییە و یەعقوب کەریمپوور، بەندکراوێکی دیکەی سیاسیی تورک کە لەگەڵ ئەودا لەسێدارە درا، لە میدیا حکومەتییەکاندا بڵاوکرایەوە کە تێیدا تۆمەتی سیخوڕییان خرابووە پاڵ. ئەم ڤیدیۆیە نموونەیەکی ڕوونی پشتبەستنی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە بە دانپێدانانی زۆرەملێی ژێر ئەشکەنجە و هەوڵدان بۆ دەرکردنی سزای سێدارە و جێبەجێکردنی، سەرەڕای هەبوونی گومانی جددیی یاسایی.

لەو ڤیدیۆیەدا ناسر بەکرزادە لە شوێنێکی نادیاردا لە بەردەم کامێرا داندراوە و پێدەچێت دەقێک لەسەر کاغەز بخوێنێتەوە. ئەو لەو ڤیدیۆیەدا دەڵێت کە لە ڕێگەی فەزای مۆبایلەوە وێنەی هەندێک ناوەندی حکومەتی لەوانە بنکەی پۆلیسی ناردووە، و لە درێژەی ئەم دانپێدانانە زۆرەملێیانەدا ئیدیعا دەکرێت کە هەوڵی داوە وێنە لە شوێنە هەستیارەکانی وەک "نەتەنز" و "پارچین" بگرێت، بەڵام پێش ئەوەی تێیدا سەرکەوتوو بێت دەستبەسەر کراوە.

ناسر بەکرزادە دوای چەند مانگ مانەوە لە هەرێمی کوردستان بە ویستی خۆی و بە دڵنیایی لەوەی کە هیچ بەڵگەیەک دژی ئەو نییە بۆ ئورمیە گەڕایەوە و کەوتە بەر سزای سێدارەی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران.

لەکۆتاییدا ناسر بەکرزادە بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢ی مەی ٢٠٢٦)، لەگەڵ یەعقوب کەریمپوور لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لەسێدارە دران.

 

دۆسیەی میحراب عەبدوڵڵازادە

لە دۆسیەی میحراب عەبدوڵڵازادەدا، ناوەندی ڕاگەیاندنی دەزگای دادوەری بانگەشەی کرد کە ئەم بەندکراوە لەگەڵ چەند تۆمەتبارێکی دیکە لە گەمارۆدان و لێدانی یەکێک لە ئەندامانی بەسیج بوونە هۆی کوشتنی ئەو ئەندامەی بەسیج.

ئەم دۆسیەیە لە سەرەتاوە لەسەر زانیاریی دادوەر و دانپێدانانی زۆرەملێ دامەزرابوو و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو بۆ سەلماندنی تۆمەتەکان تێیدا نەبوو.

مێحراب عەبدوڵڵازادە لەم دۆسیەیەدا لەگەڵ نزیکەی شەست تۆمەتباری دیکە هاودۆسیە بوو و وەک تۆمەتباری ڕیزی دوو دەناسرا، بەڵام دوای ئازادبوون و چوونەدەرەوەی زۆربەی تۆمەتبارانی دیکە لە وڵات، وەک تاقە تۆمەتباری بەردەست، سەرەڕای داواکاریی چەندین جارە بۆ لێکۆڵینەوەی تەکنیکیی فیلمەکە و شوێنی مۆبایلەکەی و گونجاندنی زانستیی وێنەکان، بێ پێشکەشکردنی بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو و بنەڕەتی لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە و بە چاوپۆشیکردن لە داواکارییەکانی پێداچوونەوە، سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.

ناوبراو لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئورمیه بە سەرۆکایەتیی دادوەر نەجەفزادە بە تۆمەتی "بەغی" (یاخیبوون) و "ئەفساد فی‌لئەرز" لە دۆسیەی کوشتنی یەکێک لە هێزە حکومەتییەکان بە ناوی "عەباس فاتیحی" لە کاتی خۆپێشاندانەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە نووشین شاری ورمێ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. ئەمە لە کاتێکدایە کە مێحراب عەبدوڵڵازادە چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردبووەوە و جەختی کردبووەوە، دانپێدانانەکانی لەژێر ئەشکەنجەی تونددا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا لێ وەرگیراون.

ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ داواکاریی پێداچوونەوە بە سزای سێدارەی مێحراب عەبدوڵڵازادە لەلایەن لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە ڕەت کرایەوە و سەرەڕای تۆمارکردنی دووبارەی پێداچوونەوە، فەرمانی ڕاگرتنی جێبەجێکردنی حوکمەکە دەرنەکرا و بێ سەرنجدان بە پرۆسەی یاسایی، حوکمەکەی جێبەجێ کرا.

سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە پێشتر لەلایەن لقی ٩ی دیوانی باڵای وڵاتەوە وەک خۆی پشتڕاست کرابووەوە. ئەم حوکمە لە ٢٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٥دا، بە شێوەیەکی فەرمی بە میحراب عەبدوڵڵازادە لە بەندیخانە ڕاگەیەندرا و داوای لێ کرابوو تا "داوای لێبوردن" پێشکەش بکات.

مێحراب عەبدوڵڵازادە ڕۆژی سێشەممە ٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٦، لە کاتی چاوپێکەوتنی بەندکراوانی سیاسی و عەقیدەتی لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا، دوای سێ مانگ بێبەشبوون لە چاوپێکەوتن بەهۆی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بێڕێزیی یەکێک لە سەربازانی هۆڵی چاوپێکەوتن (ئەمیرڕەزا غەزنەوی) بە بنەماڵەی بەندکراوە سیاسییەکان و تێکهەڵچوون لەگەڵ ئەم سەربازەدا، بەپێی فەرمانی "پەیمان خانزادە" سەرۆکی بەندیخانەی ورمێ، بە کەلەپچە و کۆتەوە بە شێوەی تەمێکردن بۆ ژووری تاکەکسی گواسترایەوە.

مێحراب عەبدوڵڵازادە پایزی ٢٧٢٢ (پایزی ٢٠٢٢) و لە کاتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە ڕفێندرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکان لە ورمێ گواستراوەوە. ناوبراو دوای چەند مانگ ئەشکەنجە و لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گواسترایەوە.

دوای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڤیدیۆیەکیان لەژێر ناوی وێنەکانی کامێرای چاودێریی بێ دەنگ و بێ نیشاندانی کات و ڕێککەوت لە دیمەنی تاوانەکە بڵاوکردەوە و ئیدیعایان کرد ئەو کەسەی کە لێدانەکە ئەنجام دەدات و لە ڤیدیۆکەدا دیارە، مێحراب بووە و ئەم لێدانانەی لە تەرمی "عەباس فاتیحی" داوە. هیچ جۆرە نیشانەیەک لە ڕاستیی ئەم ڤیدیۆیە پێشکەش نەکراوە و ڕوون نییە کە ئایا پەیوەندی بە کاتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و خۆپێشاندانەکانی ئەو بزووتنەوەیەوە هەیە یاخود نا؛ هەروەها کات و شوێنی ڕووداوەکەش تێیدا باس نەکراوە.

لەکۆتاییدا سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، بەندکراوی سیاسیی تەمەن ٢٧ ساڵانی کورد و خەڵکی ئورمیە و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی "ژن، ژیان, ئازادی"، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ١٣ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٣ی مەی ٢٠٢٦)، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە جێبەجێ کرا.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە ئەم بەندکراوە سیاسییانە لە ماوەی دەستبەسەرکرانیاندا لەژێر ئەشکەنجەی توند و دانپێدانانی زۆرەملێدا بوون و لە مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش کراون و جێبەجێکردنی حوکمەکەیان لە دۆخێکدا بووە کە دۆسیەکانیان لەگەڵ ناڕوونیی بەربڵاوی یاساییدا ڕووبەڕوو بووەتەوە. جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ناسر بەکرزادە و میحراب عەبدوڵڵازادە لەو کەشوهەوایەی کە بەهۆی گرژییەکانی شەڕی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیلەوە هاتبووە ئاراوە، ئەنجام درا و وەک بەکارهێنانی کۆماری ئیسلامی لە دۆخی هەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بەندکراوانی سیاسی و دروستکردنی ترس لە ڕێگەی سێدارەوە ئەژمار دەکرێت.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە