بەندیخانەی ئورمیە؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و منداڵەکەی

٤ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٧:١٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی کورد لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، لەگەڵ منداڵە بچووکەکەی، ماوەی دوو ساڵ و دە مانگ و ١٢ ڕۆژی ڕابردوویان بە بەندکراوی تێپەڕ کردووە. ناوبراو مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ، یەک لە سەر چواری ماوەی بەندکرانەکەی کە ١٢ ساڵە تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سوعدا خەدیرزادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار لەگەڵ منداڵە دوو ساڵ و دوو مانگانەکەی، ئاڵا، بەبێ دەستڕاگرتن بە مافی مورەخەسی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیەدا ڕاگیراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو لە بەندیخانەی ئورمیە، ئاڵا (سۆلینا) لەم دواییانەدا بەهۆی پیسیی ژینگەی بەندیخانە، نەبوونی سیستەمی فێنکەرەوەی گونجاو و گەرمای بەتینی بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە، تووشی هەستیاریی پێستی بووە و بەرپرسانی بەندیخانەکە لە گواستنەوەی ناوبراو بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی دەرەوەی بەندیخانە ڕێگرییان کردووە.

ئەو بەندکراوە سیاسییە لە تەنیا جاری وەرگرتنی مافی مەرەخەسییەکەی لە ڕێکەوتی شەممە ٢٨ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە ئورمیەوە ڕۆیشتبوو بۆ ماڵی خزمێکیان لە پیرانشار و یەک ڕۆژ دواتر، لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرایەوە. ئەو دایکە بەندکراوە و منداڵەکەی، دوای ٤٨ کاتژمێر دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی شاری پیرانشار دیسان بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترانەوە.

سوعدا خەدیرزادە پێشتر لەلایەن دادگای تاوانەکانی ١ی مەهاباد، بە تۆمەتی "هاوکاریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی سوپای پاسداران و ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"، سزای ١٢ ساڵ و ۶ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەو سزایە ڕۆژی شەممە ١۵ی خەرمانانی ٢٧٢٢، بە شێوەی فەرمی بە بنەماڵەی ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕاگەیەندرا.

ناوبراو کە لانی کەم جارێک لە بەندیخانەدا لە خۆکوشتن ڕزگاری بووە، ڕۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٢، لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئورمیە بە نەشتەرگەریی سزاریەن منداڵی بوو و دوای ڕۆژێک بەبێ تێپەڕاندنی ماوەی دەرمان و چارەسەریی پێویست، بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گەڕێندرایەوە.

سوعدا خەدیرزادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی ڕەزبەزی ٢٧٢٠، لە شاری پیرانشار لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی خەزەڵوەری هەمان ساڵ بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترابوویەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە