سنە؛ شەیدا عەزیزی، لە دەستبەسەرکراوانی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٦ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
شەیدا عەزیزی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە شەش مانگی ڕابردووی لە دەستبەسەری بەسەر بردووە، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنرا. ناوبراو لە کاتی شەڕی ١٢ ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیلدا دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مانگی ڕەزبەری ئەمساڵ شەیدا عەزیزی، خەڵکی کامێران لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بە تۆمەتی «کردەوە دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامبوون لە حیزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێرانی کوردستانی ئێران» سزای ٣ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێنراوە.
شەیدا عەزیزی لە کاتی شەڕی دوازدە ڕۆژەی نێوان سوپای ئیسرائیل و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کامیاران دەستبەسەر و دواتر بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە کە میدیا حکوومەتییەکان بە "ناوەندی چاکسازی و پەروەردەی سنە" ناوی لێ دەبەن، گواستریەوە..
هەنگاو زانیویەتی کە شەیدا عەزیزی لە ماوەی دەستبەسەریدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن و پەیوەندیگرتن بە بنەماڵەکەیەوە بێبەش بووە.