بەندیخانەی شنۆ، بەڕێوەچوونی دادگای ئۆنلاینی محەممەد ڕەسوڵ پوور؛ شەش مانگ بێبەشبوونی لە مافی مەرەخەسی

٢٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١٩:٤٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٤ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥

دانیشتنی دادگای محەممەد ڕەسووڵ پوور، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری شنۆ لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس بەڕێوەچوو. ناوبراو هاوکات بۆ ماوەی شەش مانگ لە مافی چاوپێکەوتن و مەرەخەسی بێبەش بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاکەلێوەی ٢٧٢٥ (١٢ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، محەممەد ڕەسووڵ پوور تەمەن ٥٣ ساڵە و خەڵکی شاری شنۆ بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندە لە دژی حکومەت" نووسراو لە دۆسییەی پێشووتریدا بە شێوەی ڤیدیۆکۆنفڕانس لە بەندیخانەی ئەم شارە دادگای کرا.

پێشتر لقی یەکی دادیاری دادوەری گشتی و شۆڕشی شاری شنۆ بە دادوەری سەیدڕەزایی، لە ئاگادارییەکدا محەممەد ڕسووڵ پوور، ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ دادگا بانگکرابوو.

محەممەد ڕيسووڵ پوور ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، بۆ جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

ناوبراو پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارە بە دادوەری دادوەر "عەلی ئێنساری" بە تۆمەتی "ئەندامبوون و هاوکاری لەگەڵ حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "پڕۆپاگەندە لە دژی حکومەت" بە ٢ ساڵ بەندکران سزا درابوو. سزای دوو ساڵ بەندکرانی ئەم هاووڵاتییە کوردە لە کۆتاییدا بۆ شەش مانگ بەندکران کەم کرایەوە.

جێگای باسە کە، محەممەد ڕەسووڵ پوور، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پوشپەڕی ٢٧٢٤ (٤ی جولای ٢٠٢٤) لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ ماڵی ناوبراو لە گوندی کۆنە قەڵا بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە کۆتاییدا دوای نزیکی دوو حەوتوو دەستبەسەر بوون ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پوشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی تا کۆتایی هاتنی دادگایەکەی بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری شنۆ ئازادکرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە