بەندیخانەی شنۆ؛ محەممەد ڕەسووڵپوور سزای یەک ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا

٣ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١٩:٤٩

هەنگاو؛ شەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٥

محەممەد ڕەسووڵپوور، بەندكراوی سیاسیی كوردی خەڵكی شنۆ لە لایەن دەزگای دادوەری كۆماری ئیسلامیی ئێران سزای یەك ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو لە ئێستادا بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزا پێشووەكەی لە بەندیخانەی شنۆدایە.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەممەد ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٣ ساڵ لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای تاوانەكانی دووی شنۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر عەلی ئەنساری بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی حكوومەت” سزای ٤ مانگ بەنكران و بە تۆمەتی “هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای ٨ مانگ بەندكرانی بەسەردا سەپێندراوە.

دانیشتنی دادگای محەممەد ڕەسووڵپوور، ڕۆژی شەممە ٢٣ی خاكەلێوەی ٢٧٢٤ (١٢ی ئەپریلی ٢٠٢٥)، بە شێوەی ڤیدیۆ كۆنفڕانس بەڕێوە چوو. ناوبراو هاوكات بۆ ماوەی شەش مانگ لە مورەخەسی بێبەش كرا.

محەممەد ڕەسووڵپوور ڕۆژی شەممە ٢٦ی خەزەڵوەری ٢٧٢٤ (١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٤)، بە مەبەستی جێبەجێكرانی سزای دوو ساڵ بەندكرانەكەی دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

ناوبراو پێشتر لە لایەن دادگای شۆڕشی شنۆ بە سەرۆكایەتی دادوەر عەلی ئەنساری بە تۆمەتی “ئەندامییەتی و هاوكاری لەگەڵ حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران” سزای ٢ ساڵ بەندكرانی بەسەردا سەپێندرابوو. سزای دوو ساڵ بەندكرانی ئەم هاووڵاتییە كوردە لە كۆتاییدا بۆ یەك ساڵ و شەش مانگ كەم كرایەوە.

شایانی باسە كە محەممەد ڕەسووڵپوور لەڕێكەوتی ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٤ی جوڵای ٢٠٢٤)لە ئەنجامی هێرشی هێزەكانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەكەی لە گوندی كۆنە قەڵا بە بەكارهێنانی توندوتیژی دەستبەسەر كرابوو.

ناوبراو دوای نزیک بە دوو هەفتە دەستبەسەركران ڕۆژی یەكشەممە ٢٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆنی بە شێوەی كاتی و تا كاتیی كۆتاییهاتنی دادگاییەكەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد كرا.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە