موعین عەبدوڵڵاهی، گەنجی تەمەن ۱۸ ساڵ و لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، زێدەکەی بەجێ هێشت

٧ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢٢:٥٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ۷ی بانەمەڕی ۲۷۲۵

موعین عەبدوڵڵاهی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری سەردەشت و لە برینداربووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە بینایی چاوێکی خۆی لەدەست داوە؛ لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەتاهەتایە زێدەکەی خۆی بەجێهێشت. ناوبراو لە کاتی برینداربوونیدا تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە و شایەتحاڵی برینداربوونی چەندین کچ و کوڕی هاوتەمەنی خۆی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موعین عەبدوڵڵاهی، تەمەن ۱۸ ساڵ و خەڵکی سەردەشت بەهۆی گوشاری بەردەوامی ناوەندە حکومەتییەکان ئێرانی بەجێ هێشت. بەڵگەی پزیشکیی برینداربوونی ئەو مێرمنداڵە لەبەر دەستی هەنگاودایە.

موعین عەبدوڵڵاهی، کە لەم دواییانەدا خۆی گەیاندووەتە وڵاتی بەریتانیا سەبارەت بە دوایین بارودۆخی تەندروستیی خۆی لە وتووێژێک لەگەڵ هەنگاودا ڕایگەیاندووە کە، بینایی چاوێکی بەتەواوی لەدەست داوە و چاوەکەی دیکەشی زیانی بەر کەوتووە.

موعین عەبدوڵڵاهی ڕۆژی چوارشەممە ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۲ (۲۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۲)، هاوکات لەگەڵ دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و لەکاتێکدا کە تەنیا ۱۶ ساڵی تەمەن بووە لە یەکێک لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکانی شاری سەردەشت لە سێ‌ڕای "شێخ مەولانا" چاوی بە تەقەی ڕاستەوخۆی چەکی ساچمەیی هێزە ئەمنییەکان لە مەودایەکی نزیکەوە بە سەختی بریندار کرا.

بە وتەی ئەو مێرمنداڵە، هێزە چەکدارە حکومەتییەکان، ئەو ڕۆژە بە کەڵکوەرگرتن لە چەکی شاتگان، گوللەی ساچمەیی، باتۆم و ئیسپری بیبەر بە چڕی هێرشیان کردووەتە سەر خۆپیشاندەران کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا نە تەنیا بۆخۆی لە بەشی هەر دوو چاویدا بریندار بووە بەڵکوو بەشێوەی ڕاستەوخۆ توندوتیژیی بەرفراوانی هێزە ئەمنییەکان و برینداربوونی ژمارەیەکی بەرچاوی کچان و ناڕازییانی دیکەی بە دەستی هێزە حکومەتییەکان دیتووە.

بە وتەی ناوبراو پاش برینداربوونی، لە لایەن چەندین هاووڵاتییەوە بەشێوەی کاتی لە خانوویەکدا لەژێر چاودێریدا بووە و برینەکانی شۆردراونەتەوە، بەڵام ڕەوتی چارەسەریی پزیشکی و گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری سەردەشت و پاشان تەورێز بەهۆی گوشارە ئەمنییەکان لەگەڵ کێشەی زۆردا ڕووبەڕوو بووەتەوە.

موعین عەبدوڵڵاهی بە ئاماژە بەوەیکە لە ڕێگای نەخۆشخانەدا ناچار کراوە ناسنامەی خۆی بشارێتەوە، ڕایگەیاندووە کە لە ڕێگای گواستنەوەیدا بەمەبەستی ڕێگری لە ناسینەوەی، خۆی لە پشت ئۆتۆمبێلەکە و تەنانەت لەژێر کورسی ئۆتۆمبێلەکەدا شاردووەتەوە کە لە ئاکامدا بەوتەی پزیشکەکان هەر دوو چاوی بە سەختی زیانیان بەر کەوتووە و ئەگەری گەڕانەوەی بینایی یەکێک لە چاوەکانی نییە.

ئەو مێرمنداڵە بریندارەی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، پاش ناسینەوەی لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە چەندین جار بانگ کراوە و هەڕەشەی لێکراوە و لە ئاکامدا ئێرانی بەجێ هێشتووە.

شایانی باسە کە ئەو خۆپیشاندەرە لە ڕێگای چوونەدەرەوەی لە ئێران لەگەڵ سەختیی زۆردا ڕووبەڕوو بووەتەوە و سەرەڕای دۆخی جەستەیی نالەباری ماوەیەکی درێژی لە ڕێگایەکی سەخت و پڕکێشەدا تێپەڕ کردووە.

موعین عەبدوڵڵاهی کە بەهیوای گەیشتن بە ئاسایش و دیتنەوەی ڕێگایەک بۆ چارەسەرکردنی چاوەکانی لە ئێران هاتووەتە دەرێ لە ناوەند و ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان داوای ڕاگەیشتن بە بارودۆخی بنەماڵەی گیانبەختکردووان، دەستبەسەرکراوان و برینداربووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەکات.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە