ڕاپۆرتی تایبەتی هەنگاو لەسەر کوژرانی ١٤٢ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵیادی ئەو بزووتنەوە

٢٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٣:١٧

هەنگاو؛ شەممە ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، لانی کەم ١٤٢ هاووڵاتیی کورد، بریتی لە ١٦ منداڵ، ٦ ژن و ٨ کەس لە پەیڕەوانی کەمینەی ئایینیی یارسان گیانی خۆیان لەدەست داوە.

 

ئەم ڕاپۆرتە بریتی لە ١٣ بەشە کە بەو شێوەیەن:

١- پێشەکی
٢- ڕەگەزی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە کوردستان
٣- باری خێزانیی گیانبەختکردووەکان
٤- مام‌ناوەندی تەمەنی گیانبەختکردووەکان
٥- شێوەی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان
٦- بڵاویی شوێنی کوژرانی هاووڵاتییان
٧- کوژرانی ١٦ منداڵی کورد
٨- کوژرانی لانی کەم ٦ ژنی کورد
٩- کوژرانی ٨ کەس لە پەیڕەوانی کەمینەی ئایینیی یارسان
١٠- کوژران بەهۆی ئەشکەنجەدران و گیانلەدەستدان لە دوای ئازادکران
١١- جیاکردنەوەی گیانبەختکردووەکان بەپێی شاری زێدەکەیان
١٢- جیاکردنەوەی گیانبەختکردووەکان بەپێی پارێزگاکان
١٣- بەشی کۆتایی بریتی لە زانیاری و وێنەی گیانبەختکردووەکان

 

پێشەکی

لە دووەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، تا ئێستاش ناوی ژینا وەکوو هێمایەک لە شۆڕش بۆ دەسکەوتنی ئازادی، یەکسانی و ڕێزی مرۆڤ لە بیرەوەرییەکاندا زیندووە. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بە ئامانجی پاراستن و ڕێزگرتن لە یاد و ناوی تەواوی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی"، لیستێکی لە ناوی کوژراوان و لەسێدارەدراوانی ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان ئامادەکردووە. ئەو لیستە زیاتر لە ڕاپۆرتێکی ئاماریی ئاساییە؛ یادکردنەوەیەک لە هەزاران ژیانی بێ‌تاوانە کە لە ڕێگای هیوای ئازادی، دادپەروەری و مافی مرۆڤ، بەشێوەکی زاڵمانە لەناو چوون.

کوردستان وەکوو یەکێک لە ناوەندە سەرەکییەکانی بەرخۆدان، شوێنی یەک لە تاریکترین سەردەمانی سەرکوت و توندوتیژیی سیستەماتیک بووە. بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە، نە تەنیا ڕەنگدانەوەیەک سەبارەت بە خۆڕاگری و بەرخۆدانی خەڵکی ئەو وڵاتە، بەڵکوو دووبارە کوتنەوەی بەرفراوانیی قەبارەی پێشێلکرانی مافەکانی مرۆڤ و ئەو تراژێدیایە کە بۆ مرۆڤی ئەو ناوچەیە ڕووی داوە. هەر ناوێک لەو لیستەدا، چیرۆکی ڕەنج، بەرخۆدان و بوێرییەکە کە نابێت هیچکات لە یاد بکرێت.

بەڵگەمەندکردن و تۆمارکردنی ئەو ناوانە، هەوڵێکە بۆ پاراستنی یاد و ناوی کەسانێک کە لە ڕێگای وەدیهاتنی هیوا بەرزەکانی مرۆڤ گیانیان لەدەست داوە. ئەو لیستە هاوارێکە بۆ دادخوازی و بەرپرسیارێتی، و پێداگرییەکە لەسەر پێویستیی بە فەرمی‌ناسین و ڕێزلێنان لە یادی کەسانێک کە بە لەخۆبوردوویی بوون بە هێمایەک لە بەرخۆدان و خۆڕاگری.

ئەم ڕاپۆرتە بەپێی زانیاریی ورد و خاوەن بەڵگە لە سەرچاوە بڕواپێکراو و خۆجێییەکان ئامادە کراوە و دەیهەوێت ببێت بە دەنگی کەسانێک کە لە کوردستان لە ڕێگای گەیشتن بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانیان هەوڵیان دا و گیانیان بەخت کرد. ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هیوادارە کە ئەم ڕاپۆرتە بتوانێت لە ڕێگای دادخوازیی بنەماڵەی گیانبەختکردووان و هەروەها زیاتربوونی زانیاریی گشتی لەسەر بەربڵاویی قەبارەی سەرکوتکردنەکان لە کوردستان هەنگاوێکی کاریگەر بێت.

 

ڕەگەزی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئامادە کراوە، لە سەرجەم ئەو ١٤٢ کەسەی لەو بزووتنەوەیەدا گیانیان لەدەست داوە، ٦ کەس بەرانبەر بە ٤٪ی گیانبەختکردووان ژن و ١٣٦ کەس پیاو بوون. لە نێوان گیانبەختکردووانی ژندا یەک کەس و لە نێوان گیانبەختکردوودانی پیاودا، ١٥ کەس منداڵ بوون و تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە.

 

باری خێزانیی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

 

بەپێی ئاماری هەنگاو، لە سەرجەم ١٤٢ هاووڵاتیی کورد کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" گیانیان لەدەست داوە، ٤٥ کەس بەرانبەر بە ٣٢٪ خێزاندار بوون، ٢ کەس دەزگیراندار و ٩٥ کەس بەرانبەر بە ٦٧٪ سەڵت بوون.

مام‌ناوەندی تەمەنی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لە سەرجەم ١٤٢ هاووڵاتیی کورد کە لە ڕەوتی ئەو بزووتنەوەیەدا گیانیان لەدەست داوە، ١٦ کەس تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە. هەروەها ١١٧ کەس تەمەنیان لە نێوان ١٩ تا ٥٠ ساڵ و ٩ کەس تەمەنیان سەرووی ٥١ ساڵ بووە.

لە نێوان گیانبەختکردووانی ئەو شۆڕشەدا، ئەمیرحوسێن بەساتی خەڵکی کرماشان بە ١٥ ساڵ تەمەنەوە، گەنجترین و حوسێن عەبدپەناه خەڵکی سنە بە ٧٢ ساڵ تەمەنەوە، بەساڵاچووترین گیانبەختکردووی ئەو بزووتنەوەیە لە کوردستان بوون.

 

شێوەی کوژرانی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی ڕاپۆرتەکانی هەنگاو، ٩٠ کەس لە گیانبەختکردووان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بە چەکی جەنگی کوژراون کە بەرانبەرە لەگەڵ ٦٣٪ی کۆی حاڵەتەکان. هەروەها ١٤ هاووڵاتی دوای دەستبەسەرکران و لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و دوو بەندکراویش لەسێدارە دراون. لە حاڵەتەکانی دیکەی کوژرانی گیانبەختکردووان دەکرێ ئاماژە بە کوژرانی یەک کەس بە چەکی قەناسە و ٤ کەس بە چەکی قورسی دۆشکا بکرێت.

- کوژران بە چەکی جەنگی: ٩٠ کەس
- کوژران بە چەکی ساچمەیی: ١٩ کەس
- کوژران بەهۆی ئەشکەنجەدران: ١٤ کەس
- کوژران بەهۆی لێدانی باتۆم لە سەر: ٦ کەس
- کوژران بە چەکی قورسی دۆشکا: ٤ کەس
- کوژران بە چەکی کۆڵتی کەمەری: ٣ کەس
- جێبەجێکرانی سزای سێدارە: ٢ کەس
- کوژران بە چەکی قەناسە: ١ کەس
- ژێرکردن  بە ئۆتۆمبێلی سەربازی: ١ کەس
- خنکان بەهۆی گازی فرمێسک‌ڕێژ: ١ کەس
- کوژران لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان: ١ کەس

 

بەربڵاوی شوێنی کوژرانی هاووڵاتییانی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ٢٢ هاووڵاتی لە شاری سنە، ١٧ کەس لە بۆکان و ١٥ هاووڵاتی لە مەهاباد کوژراون.

هەروەها دوو هاووڵاتیی کورد لە قووچان و لانی کەم ١٨ هاووڵاتیی کوردی دیکە لە شارەکانی ناوەندی ئێران بریتی لە تاران، کەرەج، قەزوین، قەڵای حەسەن‌خان و فەردیس گیانیان لەدەست داوە.

- سنە: ٢٢ کەس
- بۆکان: ١٧ کەس
- مەهاباد: ١٥ کەس
- کرماشان: ٩ کەس
- سەقز و جوانڕۆ: هەر یەک ٨ کەس
- پیرانشار: ٧ کەس
- تاران: ٦ کەس
- کەرەج: ٥ کەس
- شنۆ، دیواندەرە و بانە: هەر یەک ٤ کەس
- ئورمیە، سەردەشت، نازلووی ئورمیە، شاباد و دێولان: هەر یەک ٣ کەس
- قووچان، مەریوان، کامێران و ئیلام: هەر یەک ٢ کەس
- وەرامین، فەردیس، ئەلوەند، ئەراک، قەڵای حەسەن‌خان، هەمەدان، سەلاسی باوەجانی، موژژ، قەسری شیرین و قەزوین: هەر یەک ١ کەس

 

کوژرانی ١٦ منداڵی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم ١٦ منداڵی کورد کە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە، لە ڕەوتی ئەو بزووتنەوەیەدا گیانیان لەدەست داوە کە بەرانبەرە لەگەڵ ١٣.٣٪ی سەرجەم گیانبەختکردووانی کوردی ئەو بزووتنەوەیە.

لەو ژمارەیە دوو کەس بەهۆی لێدانی باتۆم لە بەشی سەر و لێدان و کوتان، یەک کەس بەهۆی ئەشکەنجەدران لە کاتی دەستبەسەربوون و یەک کەس لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر قوتابخانەکان گیانیان لەدەست داوە. ١١ منداڵیش بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژراون کە بەرانبەرە لەگەڵ ٦٩٪ی کۆی حاڵەتەکان.

پێنج کەس لەو منداڵانە بەناوەکانی ئەمین مەعرەفەت، عەبدوڵڵا محەممەدپوور، ئەنووشیروان فوولادی، ئەمیرحوسێن بەساتی و عەلی موزەفەری سالانقووچ لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ گیانیان لەدەست داوە. هەروەها نیما شەفەق‌دووست کە لە ڕێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبەر گیانی لەدەست داوە، هەمان ڕۆژ بریندار کرابوو.

 

ناوی منداڵە گیانبەختکردووەکان:

١- زەکەریا خەیاڵ، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٢- ئەمین مەعرەفەت، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٣- عەبدوڵڵا محەممەدپوور، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی نازلووی ئورمیە، لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٤- ئەنووشیروان (ئەمیر) فوولادی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی شاباد، لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٥- ئەمیرحوسێن بەساتی، تەمەن ١٥ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٦- عەلی موزەفەری ساڵانقوچ، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی قووچان، لە ڕێکەوتی ٢١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٧- نیما شەفەق‌دووست، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەڵماس، لە ڕێکەوتی ٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. ناوبراو دوو حەفتە پێشتر بریندار کرابوو.
٨- ئارمین سەیادی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٩- سارینا ساعیدی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ئەنجامی زەربەی باتۆمی هێزە حکومەتییەکان لە سەری کوژرا.
١٠- کۆمار دەرئوفتادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
١١_ دانیاڵ پابەندی، تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ١٦ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
١٢- بەهائەدین وەیسی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، لە ڕێکەوتی ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
١٣- کاروان قادرشوکری، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ٢٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
١٤- محەممەدئاریان خۆشگوار، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ١٤ی مارسی ٢٠٢٣، دوای ٤ مانگ بەهۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی زەربەی باتۆم لە سەری گیانی لەدەست دا.
١٥- کارۆ پەشابادی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی کامێران کە لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی بۆ سەر یەکێک لە قوتابخانەکانی تاران ژەهراوی کرابوو لە ڕێکەوتی ٧ی ئەپریلی
٢٠٢٣ دوای سێ حەفتە خەوێندران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
١٦- بەرزین حەمزەزادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٤، بەهۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی ئەشکەنجەردرانی لە دەستبەسەرگەدا دوای ١٣ مانگ گیانی لەدەست دا.

گیانبەختکردووانی ژن لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» ژنان لە تەواوی ئێران و بەتایبەت لە کوردستان ڕۆڵێکی بەرچاویان گێڕا و لەو بزووتنەوەیەدا لانی کەم ٦ ژنی کورد کوژران. بەپێی ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ٢٢٢ ژنی کورد کە ناسنامەیان بە تەواوی ئاشکرا کراوە، دەستبەسەر کراون.

ناوی ژنە گیانبەختکردووەکان:

١- مینوو مەجیدی، تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین، لە ڕێکەوتی ٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان لە کرماشان کوژرا.
٢- نگین عەبدولمەلەکی، خوێندکاری تەمەن ٢١ ساڵی خەڵکی قوروە، لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ بە زەربەی باتۆمی هێزە حکومەتییەکان لە سەری لە شاری هەمەدان کوژرا.
٣- کوبڕا شێخەسەقا، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا.
٤- سارینا ساعیدی، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە سنە بەهۆی زەربەی باتۆم لە سەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.
٥- فریشتە ئەحمەدی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە مەهاباد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا
.٦- نەسرین قادری، تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی مەریوان، لە ڕێکەوتی ٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە تاران بە زەربەی باتۆم لە سەری لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە کوژرا.

گیانبەختکردووانی پەیڕەوی کەمینەی ئایینیی یارسان

یارسان، ئایینێکی عیرفانییە کە لەسەر بنەمای دیتنەوەی ڕاستییەکان، یەکسانی و خۆشەویستیی مرۆڤەکان پێداگری دەکات و پەیڕەوەکانی باوەڕیان بە تاکێتی لەگەڵ خودا هەیە. زۆربەی پەیڕەوانی ئایینی یارسان کوردن و زۆربەیان لە پارێزگای کرماشان و شارەکانی هەڕێمی کوردستان دەژین، و هەندێکیشیان لە شارەکانی هەمەدان، خوڕەمئاوا، تەورێز، کەلاردەشت، قەزوین و تارانن.

دوای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینی (٢٦٧٨ی کوردی)، یارسانەکان بەرەو ڕووی کێشەی زیاتر بوونەتەوە و بەهۆی ناکۆکی و کێشەی ئایینی و سیاسی لەژێر گوشار، سەرکوت و هەڵاواردن بوون. زۆربەی یارسانەکان لەگەڵ کێشەی کۆمەڵایەتی و کولتوری ڕووبەڕوو بوونەتەوە و بەشێک لە ڕێبەرەکان و چالاکوانانی یارسانی بەهۆی چالاکییەکانیانەوە ئازار دەدرێن و سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە. لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" پەیڕەوانی ئایینی یارسان لە شارە جۆراوجۆرەکان چالاکییەکی بەرچاویان هەبوو و لانی کەم ٨ هاووڵاتیی کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان لەو شۆڕشەدا گیانیان لەدەست داوە کە ناوەکانیان لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتووە.

 

١- مینوو مەجیدی تەمەن ٦٢ ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین، لە ڕێکەوتی ٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٢- ئارمین سەیادی، تەمەن ١٨ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٣- سینا نادری، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی کرماشان، لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٤- رامین کەرەمی، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی سەرپێڵی زەهاو، لە ڕێکەوتی ٢٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٥- ئەفشین ئاشام، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین، لە ڕێکەوتی ٢٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٦- کورۆش پاژخ، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی قەسری شیرین، لە ڕێکەوتی ٢١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە کرماشان کوژرا.
٧- سپێهر ئەعزەمی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی سەحنە، لە ڕێکەوتی ٦ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە کەرەج کوژرا.
٨- ڕەزا ڕەسایی، تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سەحنە، لە ڕێکەوتی ٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٤ لە کرماشان لەسێدارە درا.

گیانلەدەستدان لەژێر ئەشکەنجە و یان دوای ئازادی لە بەندیخانە

بەپێی ئەو ئامار و بەڵگە تۆمارکراوانە کە لە لایەن تیمی هەنگاو پشتڕاست کراونەتەوە، لانی کەم ١٤ هاووڵاتیی کورد کە لە ڕەوتی شۆڕشی «ژن ژیان ئازادی» لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوون، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە و یان ماوەیەک دوای ئازادکرانیان بەهۆی برینەکانیان لە ئەنجامی ئەو ئەشکەنجانەدا گیانی خۆیان لەدەست داوە.

شەش کەس لەو بەندکراوانە لە بەندیخانەکانی پارێزگای سنە، شەش کەس لە بەندیخانە و دەستبەسەرگەکانی پارێزگای ئورمیە و دوو کەس لە ئیلام و تاران گیانیان لەدەست داوە. لە نێوان ئەو کەسانەدا بەرزین حەمزەزادە، منداڵی خەڵکی سەردەشت کە لە تەمەنی ١٦ ساڵاندا گیانی لەدەست دا، لە کاتی شۆڕشەکە تەنیا ١٥ ساڵی تەمەن بوو کە دەستبەسەر کرا و بەهۆی ئەشکەنجەوە بەسەختی بریندار کرا و گورچیلەکانی لەدەست دا و لە ئاکامدا دوای ١٣ مانگ گیانی لەدەست دا.

۱- ئیسماعیل دزوار، تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی سەقز، لە ڕێکەوتی ٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە سەقز لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٢- محەممەد عەبدوڵڵاهی، تەمەن ٣٦ ساڵ و خەڵکی ئیلام، لە ڕێکەوتی ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە ئیلام لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٣- رامین فاتحی، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٢١ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە تاران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٤- سامان قادرپوور، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی شنۆ، لە ڕێکەوتی ٢٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ لە تاران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٥- ئومێد حەسەنی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەوڵاوا، لە ڕێکەوتی ١٧ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە سنە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٦- هێمن ئەمان، تەمەن ٢٦ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢ لە ئورمیە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٧- مەتین نەسیری، تەمەن ١٩ ساڵ و خەڵکی سنە، لە ڕێکەوتی ٧ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە سنە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٨- شادمان ئەحمەدی، تەمەن ٣٣ ساڵ و خەڵکی دێولان، لە ڕێکەوتی ٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە دێولان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
٩- شەهریار عادڵی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٨ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە سەردەشت لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
١٠- محەممەد حاجی ڕەسووڵپوور، تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ١٩ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە بۆکان، دوو ڕۆژ دوای ئازادکرانی، و لە ئەنجامی ئەشکەنجەدرانیدا، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.
١١- ئەبووبەکر سەعیدزادە، تەمەن ٣١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٣٠ی دێسەمبەری ٢٠٢٢ لە مەهاباد، ٢٢ ڕۆژ دوای ئازادکرانی، لە ئەنجامی ئەشکەنجەدرانی گیانی لەدەست دا.
١٢- شێرزاد ئەحمەدنژاد، تەمەن ٤١ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە ڕێکەوتی ١٥ی مارسی ٢٠٢٣ لە ئورمیە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.
١٣- بەرزین حەمزەزادە، تەمەن ١٦ ساڵ و خەڵکی سەردەشت، لە ڕێکەوتی ٢ی جەنیوەریی ٢٠٢٤، ١٣ مانگ دوای ئازادکرانی، لە ئەنجامی ئەشکەنجەدرانی گیانی لەدەست دا.
١٤- مێهران ئەکرەمی، تەمەن ٣٢ ساڵ و خەڵکی تیکاب، لە ڕێکەوتی ١٣ی مارسی ٢٠٢٤ لە سەقز، لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست دا.

جیاکردنەوەی گیانبەختکردووان بەپێی شاری زێدەکەیان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین ژمارەی گیانبەختکردووانی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە شاری بۆکان بە ١٩ حاڵەتەوە تۆمار کراون. دوای ئەو شارە، شارەکانی سنە بە ١٨ حاڵەت، مەهاباد بە ١٥ حاڵەت و سەقز و جوانڕۆ هەر یەک بە ٨ حاڵەت و پیرانشار بە ٧ حاڵەتەوە لە پلەکانی دواتردا تۆمار کراون.

•⁠  ⁠شاری بۆکان: ١٩ حاڵەت
•⁠  ⁠شاری سنە: ١٨ حاڵەت
•⁠  ⁠شاری مەهاباد: ١٥ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی سەقز و جوانڕۆ: هەر یەک ٨ حاڵەت
•⁠  ⁠شاری پیرانشار: ٧ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی شنۆ، کرماشان و دیواندەرە: هەر یەک ٥ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی سونقوڕ، سەردەشت، شاباد و دێولان: هەر یەک ٤ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی کامێران، قەسری شیرین، نازلووی ئورمیە و مەریوان: هەر یەک ٣ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی تیکاب، سەوڵاوا، سەحنە، قووچان، کەنگەڤەر و ئیلام: هەر یەک ٢ حاڵەت
•⁠  ⁠شارەکانی سەرپێڵی زەهاو، سەڵماس، سەلاسی باوەجانی، ڕەبەت، قوروە، ماهیدەشت، موژژ، هەرسین، گیەڵان، بیجاڕ، بانە و هەرێمی کوردستان: هەر یەک ١ حاڵەت

 

جیاکردنەوەی گیانبەختکردووان بەپێی پارێزگاکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، زیاترین ژمارەی گیانبەختکردووانی کورد لە ڕەوتی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە پارێزگای ئورمیە بە ٥٧ حاڵەتەوە تۆمار کراون. لە پارێزگای سنە ٤٨ حاڵەت، کرماشان ٣٣ حاڵەت و پارێزگاکانی ئیلام و خوراسانی ڕەزەوی هەر یەک ٢ حاڵەت لە گیانبەختکردنی هاووڵاتییان تۆمار کراوە.


•⁠  ⁠پارێزگای ئورمیە: ٥٧ حاڵەت
•⁠  ⁠پارێزگای سنە: ٤٨ حاڵەت
•⁠  ⁠پارێزگای کرماشان: ٣٣ حاڵەت
•⁠  ⁠پارێزگای ئیلام: ٢ حاڵەت
⁠  ⁠پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ٢ حاڵەت

 

دانلۆدی فایلی PDF

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە