ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر سەپاندنی ۱۲ سزای سێدارە و ۲۱۹ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران بەسەر ۱۳ کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» لە بۆکان

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران ۱۳ کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە کوردستان بەناوەکانی ڕزگار بابامیری، پێژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی، تەیفوور بابامیری، جەوانمەرد مام خەسرەوی، ئەحمەد مامەزادە، سالار داغدار، سیامەک عەینی، هێمن کرمانج، جەلیل مەولوودی، حوسێن حوسێنزادە و سوارە عەزیززادەی بە تۆمەتی "موحاڕبە"، "بەغی"، "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل و مووساد" و "ئەندامێتی لە حیزبەکانی کوردستان" بە سەرجەم ۱۲ جار لەسێدارەدران و ۲۱۹ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران مەحکووم کرد. شایەنی باسە کە سەلاحەددین ئەحمەدی لە تۆمەتەکانی بێبەری کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەیفوور سەلیمی بابامیری تەمەن ۴۷ ساڵ، سۆران قاسمی تەمەن ۲۸ ساڵ، پێژمان سوڵتانی تەمەن ۳۰ ساڵ، کاوە ساڵحی تەمەن ۴۰ ساڵ و ڕزگار بابامیری تەمەن ۴۲ ساڵ هەر یەک لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتی "بەغی" و "موحاڕبە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبەکانی کوردستان" هەر یەک سزای ۱۵ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا و جەوانمەرد مام خەسرەوی، ئەحمەد مامەزادە، سالار داغدار، سیامەک عەینی، هێمن کرمانج، جەلیل مەولوودی، حوسێن حوسێنزادە و سوارە عەزیززادە سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
شایەنی باسە کە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پێژمان سوڵتانی هەر یەک سزای سێ جار لەسێدارەدران، ڕزگار بابامیری دوو جار لەسێدارەدران و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە ئێستا بە بارمتەی پێنج ملیار تمەنی ئازاد کراوە سزای یەک جار لەسێدارەدرانی بەسەردا سەپێندراوە.
پێژمان سوڵتانی پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکە لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە مێرمنداڵانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
بەپێی ئەو سزایە، هێمن کرمانج، جەلیل مەولوودی و حوسێن حوسێنزادە هەر یەک بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپی باغی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕانی کوردستان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" سزای ۱۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
ئەحمەد مامەزادە و سالار داغدار بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپی باغی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕانی کوردستان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" سزای ۱۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسرائیل لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووساد" سزای ۶ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای دەستنیشانکردنی چەند کەس" سزای ۴ ساڵ بەندکران، و سەرجەم سزای ۲۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
هەروەها جەوانمەرد مام خەسرەوی بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسرائیل لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووساد" سزای ۱۰ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپی باغی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕانی کوردستان، شاماران، کۆمەڵە و پاک" سزای ۱۵ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە قاچاخی ۱۲۰ ئامێری سەتەلایتی ستارلینک" سزای ۵ ساڵ بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە ڕێگای دەستنیشانکردنی هەندێک کەس بە مەبەستی تیرۆر و ترساندنیان" سزای ۵ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۳۵ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
سیامەک عەینی بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە گرووپی باغی ئەنجومەنی شۆڕشگێڕانی کوردستان، شاماران کۆمەڵە و پاک" سزای ۱۲ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دژبەری ئیسرائیل لە ڕێگای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مووساد" سزای ۶ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ۱۸ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
سوارە عەزیززادە بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی کردەوەی دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای ۴ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "هاوردەکردنی چەک و تەقەمەنی جەنگی بۆ نێو ئێران و قاچاخی چەکێکی کۆڵتی کەمەری بەکارگیراو لە تیرۆری محەممەدعەلی محەممەدی" سزای ۳ ساڵ و ۸ مانگ بەندکران و سەرجەم سزای ۷ ساڵ و ۸ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
سەلاحەددین ئەحمەدی لە هەندێک لە تۆمەتەکانی بێبەری کراوە بەڵام دۆسیەکەی بەهۆی "پێڕاگەیشتن و چاکسازی تاوانکاری لە دۆسیەکەیدا" تا ئێستاش کراوەیە.
ئەو هاووڵاتییانە چەند مانگ پاش بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» و لە پەیوەندی لەگەڵ هەمان شۆڕشدا لە لایەن ناوەندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران و بۆ ماوەی چەند مانگ قوربانیی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بوون و لەئاکامدا لەژێر ئەشکەنجە ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژ بە خۆیان کران.