دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی؛ مانگرتنی گشتی و ڕێگری هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەبوونی بنەماڵەی ژینا لەسەر گڵکۆکەی

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٨:٢٧

یەکشەممە؛ ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاوکات لەگەڵ دووەمین ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانی ئێرانەوە، لە لانی کەم ۱۰ شار مانگرتنێکی گشتی بەڕێوەچوو و لە هەمان کاتدا هێزە ئەمنییەکان لە شاری سەقز ڕێگرییان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کرد کە بچنە سەر گڵکۆکەی لە گۆڕستانی ئایچی، و بنەماڵەکەی لە بەیانی ئەمڕۆوە لە ماڵەوە دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی گەیشتوونەتە هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) لە شارەکانی مەهاباد، سەقز، بۆکان، سنە، مەریوان، شنۆ، کرماشان، قوروه  و پیرانشار مانگرتنی گشتی لەلایەن دووکاندارانەوە بە بۆنەی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بەرێوەچووە، ئەم مانگرتنە لەدوای داوای ڕێکخراوە مەدەنی و پاڵپشتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو.

شایتحاڵان لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان، سنە و پیرانشار بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە، لە کاتژمێر دووبەو لاوە، هێزە ئەمنییەکان هەرەشەیان لە دووکاندارەکان کردووە کە دەبێ دووکانەکانیان بکەنەوە و قوفڵی چەندین دووکانیان شکاندووە.

مانگرتنی دووکاندارەکان لە کاتێکدا بەڕێوەچووە، کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە شارەکانی کوردستان کەشێکی ئەمنی دروست کرابوو و هێزە ئەمنییەکان لە ناو شارەکان بە مەبەستی پێشگرتن لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوژرانی ژینا بڵاوەیان پێ کرابوو.

هەنگاو، پێشتر لە چەندین ڕاپۆرتدا، ڕایگەیاندبوو، هێزە ئەمنییەکان شاری سەقزیان میلیتاریزە کردووە و بە بەردانەوەی ئاوی سەدی چراغ وەیس، ڕێگای چوون بۆ سەر قەبرانیی ئایچییان بەستووە، هەروەها ئەمڕۆ هێزە سەرکوتکەرەکان، بە تایبەتی سپای پاسداران ڕێگای چوون بۆ ئایچییان گرتبو و هاوکات پێنج هەلیکۆپتەر لە ئاسمانی شاری سەقزدا دەسووڕانەوە.

هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر لە هێزە ئەمنییەکان لە شارەکانی هەمەدان، زەنجان، میاندوواو و ئورمیە هێنراونەتە نێو شارەکانی دیواندەرە، سنە، بیجار، مەهاباد و بۆکان و لەم شارانە جێگیر کراون.

لە لایەکی دیکەوە، بە پێی ئەو زانیارییانە بە دەستی هەنگاو گەیشتووە، ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سەقز، هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەمینیی کردووە و ئیزنیان نەداوە لە ماڵ بێنەدەر و بچنە سەر گۆڕی ژینا ئەمینی لە ئایچی و لە ماڵی خۆیاندا دەستبەسەرن.

شایانی باسە، ساڵی ڕابردوو، هەر بەم شێوە بە دروستکردنی بەربەست و هێنانی هێزی چەکداری بۆ ناو شاری سەقز، ئەم شارەیان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ میلیتاریزە کردووە و ئیزنیان نەدا بنەماڵەی ژینا ئەمینی لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی کوشتنی کچەکەیاندا بچنە گۆڕستانی ئایچی.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە