ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر مانگرتن لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵۆژی کوژرانی ژینا ئەمینی بە دەستی هێزە حکوومەتییەکان

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥
لە سێهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیی، شاری سەقز، شوێنی لەدایک بوونی ژینا بۆ جارێکی دیکە لە مانگرتنی گشتییدایە و هەر وەک ساڵانی ڕابردوو، هێزە چەکدارەکانی حکوومەتی بە ئامانجی تۆقاندن لە ئاستی شاردا و ڕێگاکانی گۆڕستانی ئایچی دامەزراون. لە دیواندەرەیش ڕاپۆرتی هاوشێوە لە مانگرتنی هاوکات، بە دەستی هەنگاو گەیشتووە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراویی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٥ (١٦ی سێپتەمبری ٢٠٢٥)، بازاڕییان لە شارەکانی سەقز و دیواندەرە هاوکات لەگەڵ سێهەمین ساڵڕۆژی کوشتنی حکومەتی ژینا ئەمینی، بە داخستنی دوکانەکانیان لە مانگرتنی گشتییدان.
هەر لەم پێوەندییەدا هەنگاو ڕاپۆرتگەلێکی ڤیدیۆیی وەرگرتووە کە نیشان دەدەن ڕێگای چوونەژوورەوەکان بۆ گۆڕستانی ئایچی بە دامەزراندنی هێزە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواویی داخراوە و هاتوچوو بۆ ئەم شوێنە ڕاوەستاوە.
بە شێوەی هاوکات هێزەکانی حکومەتی لە تەواویی سەقز لە حاڵەتی گەڕاندان و دۆخی شاریان بە تەواویی میلیتاریزە و ئەمنییەتی کردووە وکۆپتەری سەربازی بە ئاسمانی شاردا دەسووڕێتەوە.
هەروەها، لە ڕۆژانی ڕابردوو، ناوەندە ئەمنییەتییەکانی کۆمار ئیسلامی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە ئامانجی داخستنی ڕێگای دەستپێڕاگەیشتن بۆ سەر گڵکۆی ژینا ئەمینی، ئاوی بەنداویی چراغ وەیسیان بۆ سەر چەمی سەقز بەرداوەتەوە.
شایانی باسە کە، ئەم مانگرتنە بەرینە لە دوو شاری باسکراو بە تایبەت سەقز، بە بێ بڵاوکردنەوەی بانگەوازێکی دیاریکراو لە لایەن ڕێکخراوەکان و ناوەندە سیاسیی و مەدەنییەکان و بە شێوەی خۆڕسک بووە.