ڕاپۆرتی ئاماریی هەنگاو لەسەر پێشێلکردنی مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶

١٩ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢١:١٠

 

هەنگاو؛ هەینی ۱۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۶

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی گشتی لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە ئێران لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶، وێنەیەک لە بەرزبوونەوەی ئاستی توندوتیژیی ڕێکخراوانە و پێشێلکردنی مافی هاووڵاتییانی کورد لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لە ئێران دەخاتە ڕوو.

بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەگانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا ئەو حاڵەتانە لە پێشێلکردنی مافەکانی هاووڵاتییانی کورد تۆمار کراون؛

ـ جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ۴۶ بەندکراوی کورد بریتی لە ۸ بەندکراوی سیاسی

ـ کوژرانی ۲۹۰ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار

ـ کوژرانی ۲۳ منداڵ و ۲۴ ژنی کورد لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار

ـ کوژرانی ۵ هاووڵاتیی سڤیلی کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان

ـ کوژران و برینداربوونی لانی کەم ۶ کۆڵبەر

ـ سەپاندنی سزای ۱۰۶ ساڵ و ۳ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکران بەسەر ۲۷ هاووڵاتیی کورد

ـ سەپاندنی سزای لێدانی ۲۷۵ زەربەی قامچی بەسەر ۴ چالاکی کورد بریتی لە یەک ژن

ـ دەستبەسەرکرانی زیاتر لە ۱۰ هەزار هاووڵاتیی کورد کە ناسنامەی ۸٦۱ کەسیان ئاشکرا کراوە.

ـ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۷۱ منداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵی کورد

ـ دەستبەسەرکرانی لانی کەم ۶۹ ژنی کورد

ـ تۆمارکردنی ۳ حاڵەت لە قوربانییانی تەقینەوەی مین بریتی لە منداڵێکی تەمەن ۱۳ ساڵ

ـ تۆمارکردنی ۳ حاڵەتی ژنکوژی

 

لەسێدارەدرانی لانی کەم ۴۶ بەندکراوی کورد لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶

 

بەپێی زانیارییە تۆمارکراوەکان، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶دا لانی کەم ۴۶ بەندکراوی کورد لە بەندیخانە جیاوازەکانی ئێران لەسێدارە دراون. تەنیا لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا سزای سێدارەی ۳۶ بەندکراوی کورد جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە ۱۲٪ی کۆی گشتیی لەسێدارەدرانی هاووڵاتییان لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لەخۆ دەگرێت. لەو ماوەدا لە تەواوی ئێران ۳۸۵ بەندکراو لەسێدارە دراون.

لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۴۸ بەندکراوی سیاسی و ئایینی لە ئێران لەسێدارە دراون کە ۸ کەسیان واتا ۱۷٪ی کۆی حاڵەتەکان لە بەندکراوانی سیاسیی کورد بوون و ناوەکانیان بەو شێوەیە؛

ناسر بەکرزادە خەڵکی ئورمیە، مێحراب عەبدوڵڵازادە خەڵکی ئورمیە، رامین زلە خەڵکی نەغەدە، کەریم مەعڕووفپوور خەڵکی نەغەدە، ئەشکان مالکی خەڵکی قوروە، مێهرداد محەممەدی نیا خەڵکی قوروە، ئەرسەلان شێخی خەڵکی سەردەشت و ئامانج کاروانچی خەڵکی سەردەشت.

زانیاریی زیاتر لەسەر تۆمەتی بەندکراوانی لەسێدارەدراو؛

تۆمەتی سیاسی، مەزهەبی و سیخوڕی: ۸ بەندکراو

تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەست: ۲۴ بەندکراو

تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان: ۱۰

تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی: ۲ بەندکراو
 

جیاکردنەوەی بەندکراوانی لەسێدارەدراو بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای کرماشان: ۱۶ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ۱۳ حاڵەت

پارێزگای سنە: ۱۱ حاڵەت

پارێزگاکانی خوراسانی ڕەزەوی، لوڕستان و خوراسانی باکوور: هەر یەک ۲ حاڵەت

 

کوژرانی ۲۹۰ هاووڵاتیی کورد لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار

سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی شەش مانگ لە ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵، هەنگاو توانیویەتی ناسنامەی ۲۹۰ هاووڵاتیی کورد کە لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون بە تەواوی ئاشکرا بکات. دوو کەس لەو هاووڵاتییانە دوای دەستبەسەرکران لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە، دوو کەس دوای دەستبەسەرکران لەسێدارە دراون، ۲ کەس دوای چوار مانگ ژیان لە حەشارگە هێرش کراوەتە سەریان و گیانیان بەخت کردووە و ۲۸۴ کەس لەو ناڕەزاییانەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانیان لەدەست داوە.

زانیاری لەسەر گیانبەختکردووان؛

ـ لانی کەم ۲۳ منداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵی کورد کوژراون کە ۴ کەسیان کچ بوون.

ـ لانی کەم ۲۴ ژنی کورد لە ڕەوتی ناڕەزاییەکاندا کوژراون.

ـ لانی کەم ۱۱ خوێندکاری زانکۆی کورد کوژراون کە ۴ کەسیان ژن بوون.

ـ لانی کەم ۳ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ کوژراون.

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی گیانبەختکردووی کورد بەپێی پارێزگای شوێنی گیانلەدەستدان؛

پارێزگای تاران: ۹۲ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ۸۹ حاڵەت

پارێزگای ئەلبۆرز: ۳۶ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۴ حاڵەت

پارێزگای ئیلام: ۱۱ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی باکوور: ۱۰ حاڵەت

پارێزگای گیلان: ۷ حاڵەت

پارێزگای قەزوین: ۶ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ۴ حاڵەت

پارێزگای هۆرموزگان: ۳ حاڵەت

پارێزگاکانی سنە، مەرکەزی و ئیسفەهان: هەر یەک ۲ حاڵەت

پارێزگاکانی مازەندەران و خووزستان: هەر یەک ۱ حاڵەت

 

کوژرانی ۵ هاووڵاتیی سڤیل بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانی کەم ۵ هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی سنە، بیجاڕ و داڵاهۆ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان کوژراون.

سێ کەس لە کوژراوان لە کاتی شەڕی ۴۰ ڕۆژە و بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان لە شارەکانی سنە و بیجاڕ کوژراون و دوو برای کوردی پەیڕەوی ئایینی یارسان بەناوەکانی مەیسەم وەیسی و موجتەبا وەیسی کە پاش ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە کرماشان ناچار ببوون بە نهێنی ژیان بەسەر بەرن، دوای چوار مانگ لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر حەشارگەکەیان لە شاری داڵاهۆ گیانیان لەدەست دا.

 

ئاشکراکردنی ناسنامەی ۸۶۱ هاووڵاتیی کوردی دەستبەسەرکراو؛

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ لانی کەم ۱۰ هەزار هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە حکوومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هەنگاو تا ئێستا توانیویەتی سەرەڕای پچڕانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و بەربەستەکانی پەیوەندیگرتن لەگەڵ سەرچاوەکانی خۆی، ناسنامەی ۸۶۱ کەس لەو هاووڵاتییانە ئاشکرا بکات.

زانیاریی زیاتر لەسەر هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو؛

لانی کەم ۷۱ منداڵی ژێر تەمەن ۱۸ ساڵی کورد دەستبەسەر کراون کە ۶ کەسیان کچ بوون.
 

ـ لانی کەم ۶۹ ژنی کورد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراون.

ـ لانی کەم ۱۱ خوێندکاری کورد دەستبەسەر کراون.

ـ لانی کەم ۱۰ مامۆستای قوتابخانە و زانکۆ دەستبەسەر کراون.
 

جیاکردنەوەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو بەپێی پارێزگاکان؛

پارێزگای ئیلام: ۲۸۱ حاڵەت

پارێزگای کرماشان: ۱۷۹ حاڵەت

پارێزگای سنە: ۱۵۹ حاڵەت

پارێزگای ئورمیە: ۱۳۹ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی باکوور: ۳۸ حاڵەت

پارێزگای هەمەدان: ۳۵ حاڵەت

پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی: ۲۷ حاڵەت

پارێزگای لوڕستان: ۳ حاڵەت

 

سەپاندنی سزای قورس: لەسێدارەدان، بەندکران و لێدانی قامچی بەسەر چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۳۳ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای وەکوو سێدارە، بەندکران و لێدانی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

بەپێی ئەم ئامارە لانی کەم ۶ هاووڵاتیی کورد سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە. ئارمان مەعرەفەتی خەڵکی سەقز، ئەشکان مالکی و مێهرداد محەممەدی نیا، دوو هاووڵاتیی خەڵکی شاری قوروە کە لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە تاران دەستبەسەر کرابوون، سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و سزای سێدارەی ئەشکان و مێهرداد جێبەجێ کرا.

هەروەها سێ هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان بەناوەکانی موحسین ئیسلامخاە، محەممەد فەرەجی و ڕەئووف شێخ مەعرووفی کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەر کرابوون سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، ۲۷ هاووڵاتیی کورد لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سەرجەم سزای ۱۰۶ ساڵ و ۳ مانگ و ۱۷ ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.

چوار کەسیان بریتی لە یەک ژن، سەرەڕای سزای بەندکران سزای لێدانی سەرجەم ۲۷۵ زەربەی قامچییان بەسەردا سەپێندراوە.

 

قوربانییانی تەقینەوەی مین لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶؛

لە ماوەی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا و بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو، لانی کەم ۳ هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێک قوربانیی تەقینەوەی مینی بەجێماو لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق و یان مینی تازە چێندراو لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بوون و دوو کەسیان گیانی خۆیان لەدەست داوە.

بەپێی ئەم ئامارە، منداڵێکی تەمەن ۱۳ ساڵ بەناوی ڕەحیم حەمیدی لە دێلوڕان و گەنجێکی تەمەن ۲۱ ساڵ بەناوی پەیمان ڕەحمانپوور لە سەقز بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەست داوە و هاووڵاتییەکی دیکە لە سەوڵاوا بریندار کراوە.

 

کوژران و برینداربوونی ۶ کۆڵبەر لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئاماری هەنگاو، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا لانی کەم ۶ کۆڵبەری کورد لە کاتی کۆڵبەریکردن لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران قوربانی کراون. بەپێی ئەم ئامارە ۲ کۆڵبەر کوژراون و ۴ کۆڵبەری دیکە بریندار کراون.

شایەنی باسە کە سەرجەم ئەو کۆڵبەرانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان قوربانی بوون. ۴ حاڵەت لە سنوورەکانی پارێزگای سنە و ۲ حاڵەت لە سنوورەکانی پارێزگای ئورمیە تۆمار کراوە.

 

تۆمارکردنی ۳ حاڵەتی ژنکوژی لە نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶

بەپێی زانیارییەکانی هەنگاو، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ۲۰۲۶ی زایینی، کوژرانی لانی کەم ۳ ژنی کورد لە لایەن کەسانی نزیکی خۆیان لە شارەکانی سنە، کۆتۆڵ و شۆت تۆمار کراوە.

ئەو ئامارە ۶.۵٪ی کۆی حاڵەتەکانی ژنکوژی لەو ماوەیە لە ئێران لەخۆ دەگرێت. لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لانی کەم ۴۶ حاڵەتی ژنکوژی لە شارە جیاوازەکانی ئێران لە لایەن هەنگاو تۆمار کراوە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە