تاران؛ دەستبەسەرکردنی ڕێبوار مارابی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانبار بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ ساڵ بەندکردن

٣ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ٢٢:٣٣

هەنگاو؛ شەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

ڕێبوار مارابی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی کامێران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە تاران، دوای کەمتکردنەوەی سزای سەرەتایی ١٠ ساڵ بەندکردنەکەی لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ ٦ ساڵ بەندکران و ٤ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو، دوای بانگکران و سەردانیکردنی یەکێک لە بنکەکانی دادگای تاران دەستبەسەرکرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای ٦ ساڵ بەندکردنە تەعزیرییەکەی بۆ بەندیخانەی گەورەی تاران (بەندیخانەی فەشافوویە) گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ (٢٥ی جولای ٢٠٢٦)، ڕێبوار مارابی، گەنجی تەمەن ٢٦ ساڵی خەڵکی کامێران دوای بانگکران و سەردانیکردنی یەکێک لە لقی جێبەجێکردنی سزاکان لە تاران، دەستبەسەرکرا و بۆ بەندیخانەی فەشافوویەی تاران گواسترایەوە.

شایانی باسە کە سزای سەرەتایی ١٠ ساڵ بەندکردنی کە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر محمدرضا عموزاد بە تۆمەتی سیناریۆ بۆ دروستکراوی "هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل" بەسەریدا سەپێندرابوو، لە قۆناغی پێداچوونەوەدا بۆ ٦ ساڵ بەندکردن و ٤ ساڵ بەندکردنی هەڵپەسێردراو کەم کرایەوە.

هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە دامەزراوە ئەمنییەکان و دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کردبوو کە ناوبراو بۆ بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان چووەتە تاران؛ ئەمە لە حالێکدایە کە ڕێبوار مارابی ساڵانێکە وەک سەرئاشپەز لە تاران کار دەکات و لەم شارەدا نیشتەجێیە.

ڕێبوار مارابی، تەمەن ٢٦ ساڵ، خەڵکی گوندی ماراوی سەر بە شاری کامێران و دانیشتووی تاران، ئێوارەی هەینی ١٩ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە کاتی ناڕەزایەتییە سەراسەرییەکان لە تاران دەستبەسەرکرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە