کامێران؛ دەستبەسەرکرانی پەیام حوسێنی وەرزشوانی تەمەن ۱۸ ساڵ بەمەبستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران

٧ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٣:٠٠

هەنگاو؛ سێشەممە ۶ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

پەیام حوسێنی، وەرزشوانی تەمەن ۱۸ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی خەرمانانی ۲۷۲۵ی خەڵکی کامێران، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای ۱ ساڵ بەندکران کە بەسەریدا سەپابوو دەستبەسەر و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۲۵ی جولای ۲۰۲۶)، پەیام حوسێنی دوای بانگکران بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزای یەک ساڵ بەندکرانەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی کامێران گواسترایەوە.

هەنگاو زانیویەتی کە، پەیام حوسەینی پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی کامێرانەوە بە تۆمەتی ئەندامەتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) سزای ۱ ساڵ بەندکران و ۵ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو. ئەم سزایە لە کاتێکدا بۆ ناوبراو دەرچووە کە تەمەنی ژێر ۱۸ ساڵ بووە.

پەیام حوسەینی لە ڕۆژی پێنجشەممە ۲۰ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۱۱ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، کاتێک کە تەمەنی ۱۷ ساڵ بوو، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی بنەماڵەکەی خۆی لە شاری کامێران دەستبەسەر کرابوو و دوای ۴۱ ڕۆژ دەستبەسەرکران کە ۳۷ ڕۆژی لە ژووری تاکەکەسی بووە، بە دانانی بارمتەی دوو ملیار تمەنی بە شێوەی کاتی و تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگاییکردن ئازاد کرابوو.

جێگای ئاماژەیە پەیام حوسەینی، تەمەن ۱۸ ساڵ، وەرزشوانی بواری کونگ‌فوو، خەڵکی گوندی «لۆنی سادات» و دانیشتووی شاری کامێران لە پارێزگای سنەیە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە