بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام؛ محەممەد دانیاڵی، بەندکراوی سیاسی کورد مانی لە خواردن گرت

١٤ بانەمەڕ ٢٧٢٥، ٢١:١١

هەنگاو؛ یەکشەممە ۱۴ی بانەمەڕی ٢٧٢۵

محەممەد دانیاڵی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری ئاودانان سەر بە پارێزگای ئیلام، بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە بارودۆخی نالەباری خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردن گرت. ناوبراو ئێستا دووەمین مانگ لە سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە ۱۴ی بانەمەڕی ٢٧٢۵ (۴ی مەی ٢٠٢٥)، محەممەد دانیاڵی، بەندکراوی سیاسی تەمەن ٢۵ ساڵی خەڵکی ئاودانان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام مانی لە خواردن گرت.

محەممەد دانیاڵی، چالاکی کولتوریی کورد و لە ئەندامانی گرووپی شاخەوانی "بناری ئاودانان" ڕۆژی شەممە ۲۵ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۵ی مارسی ۲۰۲۵)، بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی لە دێلوڕان دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام گواسترایەوە.

ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی" و "ئەنجامدانی تاوانی کۆمەڵایەتی" بەگشتی سزای دوو ساڵ بەندکران بە هەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

ناوبراو ئێوارەی یەکشەممە ٢٤ی بانەمەڕی ٢٧٢٣، لە کاتێکدا کە بەمەبەستی کارکردن لە ئاودانان ڕۆشتبوو بۆ شاری دێلوڕان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام گواسترابۆوە.

محەممەد دانیاڵی لە ئاکامدا ڕۆژی پێنجشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ۲۷۲۳ (١٣ی جولای ٢٠٢٣)، بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی پڕۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ئیلام ئازاد کرا.

شایەنی باسە کە، محەممەد دانیاڵی لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لە ڕۆژی هەینی ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٣، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ئیلام بە نیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە دەستڕانەگەیشتن بە دۆسیەکەی و تاشینی قژی بۆ ماوەیەک مانی لە خواردن گرتبوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە