بەندیخانەی ئورمیە؛ مامۆستا محەممەد خزرنەژاد مانی لە خواردن گرتووە

٢٦ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٣:٢٠

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی خەرمانانی ٢٧٢٤

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، کەسایەتیی ئایینی خەڵکی بۆکان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە بارودۆخی خۆی لە بەندیخانە مانی لە خواردن گرت، ناوبراو نزیک بە ٢٢ مانگە بێ مافی مرەخەسی دەستبەسەرە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢١ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، کەسایەتیی ئایینی تەمەن ٤٥ ساڵ بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە ماوەی درێژی دەستبەسەرکرانی خۆی و ناردنی دۆسییەکەی بۆ دادگای شۆڕشی ئورمیە مانی لە خواردن گرتووە.

ئەم مامۆستا کوردە، ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵی بە بێ بنەما دەزانێت و بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بە جۆری بەڕێوەچوونی دانیشتنی دادگا بە شێوەی ئۆنلاین، و ناردنی دۆسیەکەی بۆ دادگای شۆڕش مانی لە خواردن گرتووە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد، پێشتر لەلایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە سەرۆکایەتی ڕەزا نەجەفزادە بە تۆمەتی «فساد فی الارض» سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و بە تۆمەتی «زیان گەیاندنی بە سەربەخۆیی وڵات» سزای ١٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی «پڕۆپاگەندە دژی نیزام» سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

سزای سێدارە و دوو سزای بەندکرانی دواتر بەکەمکردنەوە گۆڕدرا بە ٢٥ ساڵ بەندکران و هەواڵدەریی میزان سەر بە دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕایگەیاند ئەم سزایە بەپێی» پابەند بوون بە باشیی هەڵسوکەوت» دەرکراوە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد ڕۆژی شەممە ٢٨ی گەڵاڕێزانی ٢٧٢٢ (١٩ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بە بەکارهێنانی توندوتیژی و هاوکات لەگەڵ کوڕەکەی بە ناوی یاسر لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ماڵی خۆی دەستبەسەر کرا.

ناوبراو بۆ ماوەی ١٠٠ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە لە ژێر ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ و دژی خۆی کراوە، کوڕەکەی لە دوای چەند ڕۆژ ئازاد کرا.

دەستبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە دوای ڕێوڕەسمی یادی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی بووە کە ناوبراو لەم ڕێوڕەسمە لە مزگەوتی ئیفتخاری بۆکان وتاری پێشکەش کردبوو و ڕەخنەی لە شێوازی هەڵسوکەوتی حکوومەت لەگەڵ خۆپیشاندەران گرتبوو.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد یەک ساڵ و شەش مانگ و ١٩ ڕۆژە لە دەستبەسەرگە بەبێ هەبوونی مافی مەرەخەسی و لە بەندی ٢ی بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە و بە بێ ڕەچاوکردنی یاسای جیاکردنەوەی تاوانباران بە پێی تاوانەکان ڕاگیراوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە