کەریم ئەسغەری، بەندکراوی سیاسی پێشوو و مێردی خوشکی وریشە مورادی دەستبەسەر کرا

١٩ جۆزەردان ٢٧٢٥، ١١:١٢

هەنگاو؛ دووشەممە ۱۹ی جۆزەردانی ۲۷۲۵

کەریم ئەسغەری، بەندکراوی سیاسی پێشوو و مێردی خوشکی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کوردی مەحکووم بە سێدارە، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە لە شاری شوێشەی سەر بە شاری سنە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۱۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۸ی ژوئەنی ۲۰۲۵)، کەریم ئەسغەری، بەندکراوی سیاسی پێشوو و میردی خوشکی وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی مەحکووم بە سێدارە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بۆ سەر دوکانەکەی لە شاری شوێشە، بە بەکارھێنانی توندوتیژی و لێدانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی نووسینی کەمپەینی ئازادی وریشە مورادی، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات هەڵیانکوتاوەتە سەر دوکانی کەریم ئەسغەری لە شاری شوێشە و ناوبراویان بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کردووە. پاش سەردانی مێهرانە مورادی، هاوژینی کەریم ئەسغەری و خوشکی وریشە مورادی هێزە ئیتلاعاتییەکان هەڕەشەیان لەویش کردووە.

کەریم ئەسغەری کاتێک کە بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ بارودۆخی چارەسەری پزیشکی وریشە مورادی و بێبەشی ناوبراو لە مافی چاوپێکەوتن، لەبەردم بەندیخانەی ئێڤین ئامادە ببوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکان بە جلی مەدەنییەوە بەشێوەی کاتی دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لە ئۆتۆمبێلەکەیدا لێپرسینەوە و هەڕەشەی لێکرابۆوە. هێزە ئەمنییەکان کەریم ئەسغەرییان ئاگادار کردبۆوە کە هەرچەشنە زانیاری ڕاگەیاندنێک سەبارەت بەو بابەتە قەدەغەیە و لە ئەگەری میدیایی بوونەوەیدا لەگەڵ هەڵسوکەوتی سەختدا ڕووبەڕوو دەبێتەوە.

ئەو هاووڵاتییە پێشتر لە ڕێکەوتی چوارشەممە ۲۳ی خەزەڵوەری ۲۷۱۸ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەوە دەستبەسەر کرابوو.

مێهرانە مورادی هاوژینی کەریم ئەسغەری مامۆستا و لە یاریزانانی بواری کونگفۆ، ڕۆژی چوارشەممە ۴ی ڕەزبەری ۲۷۱۸ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپاوە دەستبەسەر کرابوو و پاش چل ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی ۲۰۰ ملیۆن تمەنی و بەشێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە پاش دەستبەسەرکرانی وریشە مورادی، ئەندامانی بنەماڵەکەی وەکوو خوشکەکەی، مێهرانە مورادی و کەریم ئەسغەری، لەگەڵ گوشاری ئەمنیدا ڕووبەڕوو کراونەتەوە و تا ئێستا چەندین جار بانگ کراونەتە ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە و هەڕەشەیان لێکراوە.

وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی، داکۆکیکاری مافی ژنان و لە ئەندامانی کژار (کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە، ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۳، لە ڕێگای مەریوان-سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە ڕفێندرا. ناوبراو لە کاتی ڕفاندنی بەسەختی لێی درابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابۆوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە