دەستبەسەرکرانی دووبارەی پوریا نەسیری لە مەهاباد، ژمارەی دەستبەسەرکراوان بۆ سێ هاووڵاتیی زیادی کرد

هەنگاو؛ شەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٥
بە دەستبەسەرکرانی پوریا نەسیری خوێندکاری کوردی خەڵکی شاری مەهاباد، ژمارەی دەستبەسەرکراوانی ئەم شارە لە لایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلانی ئێرانەوە بۆ سێ هاووڵاتیی زیادی کرد.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (١٩ی ژوئەنی ٢٠٢٥)، پوریا نەسیری ، خوێندکاری ماستەری بواری ماف لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی لە مەهاباد دەستبەسەر کرا.
دەستبەسەرکرانی پوریا نەسیری لە یەکێک لە شەقامەکانی مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئەمنیەتی بە جلی مەدەنییەوە بووە.
هەنگاو پێشتریش هەواڵی دەستبەسەرکرانی دوو کەسی خەڵکی مەهاباد بە ناوەکانی سروش یوسفزادە و مێهران خەدیریپووری لە ڕۆژی پێنجشەممەدا بڵاو کردبۆوە.
هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلی تاکەکەسی سروش یوسفزادە و هەروەها باوکی ناوبراودا گرتوە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران، و هەروەوەها هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییه لەبەر دەستدا نییە.