ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردنی پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری دیواندەرە

٢٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٠:٤٠


هەنگاو: هەینی، ٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

لە درێژەی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لە بەرەبەرەی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا ئەمینی، پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شاری دیواندەرە بە ناوەکانی عابید مورادی، ئارمان مورادی، ئیدریس دروستکار، فەرزاد شیری و نەوید ئەحمەدی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (١٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، نەوید ئەحمەدی، هاووڵاتییەکی تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی شاری دیواندەرە، بە شێوەیەکی دڕندانە لە پێش دووکانەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی حکوومەتەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

هاوکات فەرزاد شیری، فەرمانبەری شارەوانیی دیواندەرە لە شەقامێکی ئەو شارە و هەروەها ئیدریس دروستکار لە شوێنی کارەکەی خۆی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراون.

ڕۆژی چوارشەممەش دوو هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "دەرەگاوان"ی سەر بەو شارە بە ناوەکانی عابید مورادی و ئارمان مورادی، لە ماڵەکانی خۆیاندا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامییەوە بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر کراون.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵیان و هەروەها چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ئەو پێنج هاووڵاتییە لە بەردەستدا نییە.

شایانی باسە کە بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان هیچ ئاکامێکی نەبووە و هیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتووە.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە