ئاشخانە؛ دەستبەسەرکردنی حەمید موحەممەدزادە، هاوواتیی کورد و پاڵەوانی زۆرانبازیی چۆخە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی حەمید موحەممەدزادە، گەنجی کورد و یەکێک لە کەسە ناسراوەکانی وەرزشی زۆرانبازیی چۆخە لە پارێزگای خۆراسانی باکوور لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، هێشتا هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی لەبەر دەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٦ (٤ی جولای ٢٠٢٦)، هێزە حکوومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بەلگەیەکی دادوەری یان ڕێوشوێنێکی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی تایبەتیی حەمید موحەممەدزادە و ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستووەتەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار ڕۆژ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنەکە و بەدواداچوونی بەردەوام و ڕۆژانەی بنەماڵەی موحەممەدزادە لە مەرجە دادوەرییەکان و ناوەندە ئەمنییەکانی شاری ئاشخانە، بەرپرسانی پێوەندیدار لە پێدانی هەر جۆرە وەڵامێکی ڕوون سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردن، تۆمەتە ئەگەرییەکان و شوێنی ڕاگرتنی ناوبراو خۆیان دەپارێزن.
حەمید موحەممەدزادە، خەڵکی گوندی «بیار»ی سەر بە شاری ئاشخانەیە کە دەکەوێتە پارێزگای خۆراسانی باکوور. ناوبراو یەکێک لە پاڵەوانە ناسراو، خۆشەویست و ڕوخسارە دیارەکانی وەرزشی ڕەسەنی «زۆرانبازیی چۆخە»یە لە ناوچەی خۆراساندا.