ڕاپۆرتێک سەبارەت بە دەستبەسەرکرانی پێنج هاووڵاتیی کورد لە پارێزگای خۆراسانی باکوور

٣٠ ڕێبەندان ٢٧٢٥، ١٥:٤٥

 

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٣٠ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥

لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی یووسف کەریمیان، حەمید ئەحمەدزادە، دانیال نیازی، محەممەد ئازەری و ئەمیرمحەممەد پیرووزی، لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە شارەکانی بوجنورد، ئیسفەراین و شیروانی سەر بە پارێزگای خۆراسانی باکوور دەستبەسەر کراون و زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان لەبەر دەستدا نییە. لە نێو ئەم هاووڵاتییانەدا، دانیال نیازی تەمەن ١٨ ساڵ بە تۆمەتی «محاربە» (دژایەتی خودا) ڕووبەڕوو بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە گەیشتووەکان بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لانی کەم پێنج هاووڵاتیی کورد لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباردا بە چارەنوسێکی نادیارەوە دەستبەسەر کراون. ناوی ئەم هاووڵاتییانە بەم شێوەیەیە:

دەستبەسەرکراوانی شیروان؛

دانیال نیازی، هاووڵاتیی تەمەن ١٨ ساڵ، لە کاتژمێرەکانی کۆتاییی دووشەممە ٢٢ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٢ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ جۆرە بڕیارێکی دادوەری و بە پەنابردنە بەر توندوتیژی دەستبەسەر کرا و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری سەرەتای دەستبەسەرکرانیدا لەژێر ئەشکەنجەدا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کرا.

ئەم هاووڵاتییە لەلایەن لقی دووهەمی لێکۆڵینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شیروانەوە بە «محاربە»، «بەشداری لە دەستپێکردن بە کوشتنی ئەنقەست»، «بەشداری لە لێدان و بریندارکردنی ئەنقەست»، «ئەندامێتی لە کۆبوونەوەی زیاتر لە سێ کەس دژی ئاسایشی ناوخۆی ئێران»، «تێکدانی نەزمی گشتی» و «چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام» تۆمەتبار کراوە. ئەم تۆمەتانە بوونەتە هۆی زیادبوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو.

دەستبەسەرکراوانی ئیسفەراین؛

محەممەد ئازەری و حەمید ئەحمەدزادە، دوو هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیسفەراین، ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی بەفرانباری ٢٧٢٥ (١٤ی ژانویەی ٢٠٢٦)، لە کاتی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکانیان دەستبەسەر کران و دوای دوو هەفتە لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا، بۆ بەندیخانەی ئەسفەرایەن گواستراونەتەوە.

یووسف کەریمیان، وەرزشکاری کورد و خەڵکی ئیسفەراین، ئەویش لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ئەمساڵدا دەستبەسەر کرا و دوای چەند هەفتە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواستراوەتەوە. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەرکردنییەوە تا ئێستا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش کراوە.

دەستبەسەرکراوانی بوجنوورد

ئەمیرمحەممەد پیرووزی، جودۆکار و ئەندامی تیمی جودۆی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (١٥ی فێبریوەریی ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکومەتییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە. ئەم هاووڵاتییە تا ئێستا لە مافی پەیوەندی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش کراوە.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ئەم هاووڵاتییانە لەبەر دەستدا نییە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە