سنە؛ سۆما محەممەدڕەزایی بەشێوەی کاتی و بەدانانی بارمتە ئازاد کرا

٢٩ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٩:١١

هەنگاو؛ چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴

سۆما محەممەدڕەزایی، چالاکی مافەکانی ژنان کە لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداری لە ڕێوڕەسمی ۸ی مارس "ڕۆژی جیهانی ژنان" لە سنە دەستبەسەر کرابوو بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی تا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ۲۹ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۹ی مارسی ۲۰۲۵)، سۆما محەممەدڕەزایی، چالاکی مەدەنی تەمەن ۳۸ ساڵی خەڵکی سنە، پاش ۹ ڕۆژ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی یەک ملیار تمەنی و بەشێوەی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.

سۆما محەممەدڕەزایی ئێوارەی ڕۆژی ۲۰ی ڕەشەممەی ۲۷۲۴ (۱۰ی مارسی ۲۰۲۵)، لە شوێنی کارەکەی خۆی لە مۆڵی ئەڵماسی سنە دەستبەسەر کرا.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ئەو چالاکە مەدەنییەیان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە پەیوەندی لەگەڵ بەشداریکردن و ئامادەبوونی ناوبراو لە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی تایبەتی ڕۆژی جیهانی ژنان لە سنە دەستبەسەر کردبوو.

هاوڕێ لەگەڵ ناوبراو، سێ چالاکی دیکە لەو پەیوەندییەدا دەستبەسەر کرابوون کە تا ئێستا سۆهەیلا موتاعی، چالاکی بواری ژنانی خەڵکی دێولان بەشێوەی کاتی ئازاد کراوە و باران ساعیدی و لەیلا پاشایی لە دەستبەسەرگەدا ڕاگیراون.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە