بۆکان؛ بەفرین مەعرووفی دوای کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا

هەنگاو؛ چوارشەممە ۱۹ی خەرمانانی ۲۷۲۵
بەفرین مەعرووفی، بەندکراوی سیاسیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان دوای تێپەڕکردنی سێ مانگ و چاردە ڕۆژ بەندکران و بە کۆتاییهاتنی ماوەی بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۱۸ی خەرمانانی ۲۷۲۵ (۹ی سێپتەمبەری ۲۰۲۵)، بەفرین مەعرووفی، هاووڵاتیی تەمەن ۴۴ ساڵی خەڵکی شاری بۆکان، دوای تێپەڕکردنی سێ مانگ و چاردە ڕۆژ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
بەفرین مەعرووفی پێشتر لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی بۆکان بە تۆمەتی «هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران» سزای چوار مانگ و حەوت ڕۆژ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە بە ئەژمارهێنانی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەربوونی لە ڕیکەوتی یەکشەممە ۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۵ی مەی) بە مەبەستی جێبەجێکرانی سزاکەی بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ۲۷ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۱۵ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، دوای ۱۶ ڕۆژ بەدانانی بارمتە و بەشێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە ئازاد کرا.
بەفرین مەعرووفی ڕۆژی پێنجشەممە ۱۱ی ڕێبەندان (۳۰ی جەنیوەری) لە ماڵەکەی خۆی و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە بۆکان دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە.