سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە بۆکان

هەنگاو؛ دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥
ڕزگار بابامیری، پژمان سوڵتانی، سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و تەیفوور بابامیری پێنج تۆمەتباری سیاسیی کوردی خەڵکی بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سزای سێدارە و سەرجەم بە سزای ٧٥ ساڵ بەندکران مەحکووم کران. پێنج کەسی دیکە لەم دۆسیەدا سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەیفوور سەلیمی بابامیری، تەمەن ٤٧ ساڵ، سۆران قاسمی، تەمەن ٢٨ ساڵ، پژمان سوڵتانی، تەمەن ٣٠ ساڵ، کاوە ساڵحی، تەمەن ٤٠ ساڵ و ڕزگار بابامیری، تەمەن ٤٢ ساڵ هەر یەک لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی ئورمیە بە تۆمەتەکانی "بەغی" و "موحاربه" سزای بەندکران و بە تۆمەتی "ئەندامییەتی لە گروپە تیرۆریستییەکان" هەر یەک سزای ١٥ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
شایانی باسە کە هەر یەک لە سۆران قاسمی، کاوە ساڵحی و پژمان سوڵتانی بە سێ جار سزای سێدارە، ڕزگار بابامیری بە دوو جار سزای سێدارە و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە ئێستا بە بارمتەی پێنج ملیاری ئازاد کراوە بە جارێک سزای سێدارە مەحکووم کراون.
ئەم سزایە ڕۆژی دووشەممە ١٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٥ بە شێوەی فەرمی بە پارێزەکانی ناوبراوان ڕاگەیێندراوە.
لەم نێوانەدا پژمان سوڵتانی پێشتر لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە لایەن لقی یەکی دادگای تاوانەکانی تایبەت بە لاوانی پارێزگای ئورمیە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو.
هەروەها ڕزگار بەیگزادە بابامیری و سۆران قاسمی بە تۆمەتی "بەشداری لە کوشتن" هەر یەک سزای ١٥ ساڵ و ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا. کاوە ساڵحی یەکێکی دیکە لە تۆمەتبارانی ئەم دۆسیەیە لەو تۆمەتانە بێتاوان دەرچوو.
هاوکات دانیشتنی پێداچوونەوە بە تۆمەتەکانی پێنج تۆمەتباری سیاسیی دیکەی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی هێمن کرمانج، ئەحمەد مامزادە، تەمەن ٦٥ ساڵ، ئەبوبەکر مامزادە، تەمەن ٥٣ ساڵ، جەلیل مەولوودی جوامێر مام خوسرەوی، تەمەن ٥٠ ساڵ بەڕێوە چووە کە سزاکانیان لە لایەن هەنگاوەوە بڵاو دەکرێتەوە.
جوامێر مام خوسرەوی لە ڕێکەوتی ٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٣، هێمن کرمانج، ٢٩ خاکەلێوە و ڕزگار بابامیری و جەلیل مەولوودی، ٢٧ خاکەلێوە و ئەحمەد مامزادە، ئەبوبەکر مامزادە، سۆران قاسمی، پژمان سوڵتانی و کاوە ساڵحی ٢٦ خاکەلێوەی هەمان ساڵ دەستبەسەر و بۆ ئورمیە گواسترانەوە.
تەیفوور سەلیمی بابامیری ڕەشەممەی ٢٧٢٢، بە بێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بانە دەستبەسەر کرابوو.
ئەم کەسانە چەند مانگ دوای بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی و هەر لەم پەیوەندییەدا لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی چەند مانگ بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ کرابوون و بە سەختی ئەشکەنجە و ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆیان کرابوو.