ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی نیگەرانییەکان سەبارەت بە مەترسیی لەسێدارەدرانی شەش بەندکراوی سیاسیی ژن و ئەگەری سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر دوو بەندکراوی ژنی دیکە
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
شەپۆلی سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارەی بەندکراوانی سیاسی لە بەندیخانەکانی ئێران، نیگەرانیی زیاتری لەسەر مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی شەش بەندکراوی سیاسی و ئایینی ژن بەناوەکانی پەخشان عەزیزی، زەهرا شەهباز تەبەری، نەسیمە ئیسلامزههی، مریەم هۆداوەند، ئەرغەوان فەلاحی و مێهناز چاردۆلی و هەروەها مەترسیی سەپاندنی دووبارەی سزای سێدارە بەسەر وریشە مورادی و بیتا هیمەتی لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە لێکەوتۆتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەش بەندکراوی سیاسی و ئایینی ژن بەناوەکانی پەخشان عەزیزی، زەهرا شەهباز تەبەری، نەسیمە ئیسلامزەهی، مریەم هۆداوەند، ئەرغەوان فەلاحی و مێهناز چاردۆلی مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە. هەروەها مەترسیی سەپاندنی دووبارەی سزای سێدارە بەسەر دوو بەندکراوی دیکە بەناوەکانی وریشە مورادی و بیتا هیمەتی کە پێشتر سزای سێدارەکەیان لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە هەڵوەشێندرابۆوە و چاوەڕوانی سەپاندنی سزای نوێی دادوەری دەکەن لە ئارادایە.
ئەو بەندکراوانە لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی سیاسی و ئەمنی، بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی ڕوون و متمانەپێکراو و لە ڕەوتێکی دوور لە ستانداردەکانی بەڕێوەبردنی دادگایەکی دادپەروەرانە لەگەڵ سزای سێدارە ڕووبەڕوو بوونەتەوە و لە دۆخی ئاڵۆزی ئێستای ئێراندا زیاتر لە ڕابردوو مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەیان لەسەرە.
ئەو بەندکراوانە لە بەندیخانەی ئێڤین و بەندیخانەی ناوەندیی ڕەشتدا ڕاگیراون و لە ماوەی دەستبەسەربوونیان لە سەرەکیترین مافەکانی خۆیان بێبەش بوون. سێ کەس لەو هەشت بەندکراوە لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوون.
ناسنامەی بەندکراوانی لە مەترسیی جێبەجێکردنی سزای سێدارە؛
پەخشان عەزیزی
بەندکراوی سیاسی تەمەن ۴۲ ساڵی کورد و خەڵکی شاری مەهاباد، چالاکی مافەکانی ژنان و ئاریکاری کۆمەڵایەتی، ۲۴ی جۆزەردانی ۲۷۲۴ (۱۴ی ئاگۆستی ۲۰۲۴)، لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە لە لایەن لقی ۳۹ی دیوانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پشتڕاست کرایەوە.
داوای پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئەو بەندکراوە سیاسییە دوو جار لە لایەن دیوانی باڵای ئێرانەوە ڕەت کراوەتەوە.
پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ۱۳ی گەلاوێژی ۲۷۲۳، لە شارۆچکەی خەرازی شاری تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤینی تاران ڕاگیراوە.
پەخشان عەزیزی ڕۆژی ۲۰ی سەرماوەزی ۲۷۲۳، لە بەندی ۲۰۹ی بەندیخانەی ئێڤین، ناسراو بە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترابۆوە.
ناوبراو دواتر بە کرانەوەی دۆسیەیەکی دیکە، لە لقی ۳ی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ تۆمەتی "ئاژاوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کرایەوە و سزای ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو پێشتر، ڕۆژی ۲۵ی خەزەڵوەری ۲۷۰۹، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایی دەربڕینی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران دژ بە لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ۲۸ی ڕەشەممەی هەمان ساڵ، دوای چوار مانگ دەستبەسەربوون بەدانانی بارمتەی ۱۰۰ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.
پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان ئێرانی بەجێهێشت و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەنگاوی هەڵێناوە.
زەهرا شەهباز تەبەری
چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسی تەمەن ۶۸ ساڵی گیلەک و خەڵکی شاری ڕەشت، ۷ی جۆزەردانی ۲۷۲۶ لە لایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری ڕەشت بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەحمەد دەرویش گۆفتار" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
سزای سێدارەی ناوبراو کە مانگی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هەمان لقەوە بەسەریدا سەپێندرابوو، ۷ی ڕێبەندان لە لایەن دیوانی باڵاوە ڕەت کرایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی یەکی دادگای شۆڕشی ڕەشت گەڕێندرایەوە و بەبێ گرنگیدان بە هەڵوەشاندنەوەی سزاکەی، دیسان سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە.
دۆسیەی ئەمنیی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەپێی بەڵگەی کەموکورت، ساختە و بڕواپێنەکراوە؛ بریتی لە دیتنەوەی لەتێک قوماش کە دروشمی "ژن، بەرخۆدان، ئازادی" لەسەر نووسراوە و دەنگێکی بڵاونەکراوە و هیچ بەڵگەیەک لەسەر پەیوەندیی ڕێکخراوانە یان سەربازی لە نێوان ناوبراو لەگەڵ هیچ گرووپێکدا بوونی نییە.
زەهرا شەهباز تەبەری ئەندازیاری کارەبا، ئەندامی ڕێکخراوی نیزامی ئەندازیارانی ئێران و دەرچووی قۆناغی کارناسی باڵای بواری وزەی بەردەوام لە زانکۆی بۆرۆسی سویدە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ۲۷ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی دەستبەسەر کرا و دوای پشکنینی ماڵەکەی و دەستبەسەرداگرتنی ئەو هێزانە بەسەر کەرەستە ئەلیکترۆنییەکانی بۆ بەندیخانەی لاکانی ڕەشت گواسترایەوە.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر پێشینەی سێ مانگ دەستبەسەرکران بەهۆی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی ناڕەزایەتی ئاشتیخوازانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادبوون بە پێبەندی ئەلیکترۆنیی هەبووە.
نەسیمە ئیسلامزەهی
نەسیمە ئیسلامزەهی، بەندکراوی ئایینی تەمەن ۴۱ ساڵی بەلووچ، دایکی دوو منداڵ و خەڵکی سەراوان ڕۆژی یەکشەممە ۱۳ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۵ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، لەگەڵ هاوژینەکەی، ئەرسەلان شێخی و بەندکراوێکی دیکە بەناوی حەسەن (ناوبانگ نادیار)، لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا لە لایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبۆلقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی "موحاربە" لە ڕێگای ئەندامێتی لە داعش سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
نەسیمە ئیسلامزەهی لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە ئەنجامدەرانی دانانی تەقەمەنی لەنێو پاسێکی گەشتیاری ڕێگای تاران بۆ ئیلام لە مانگی خەرمانانی ۲۷۲۳ تۆمەتبار کران کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی ۱۸ مانگان.
شایەنی باسە کە، نەسیمە ئیسلامزەهی لە کاتی دەستبەسەربوونیدا دووگیان بووە و پاش حەوت مانگ، کچەکەی بەناوی تەسنیم لە بەندیخانە لەدایک بووە. دوای لەدایکبوونی ئەو منداڵە، دایک و کۆرپەکەی بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی بە بارودۆخێکی نەگونجاو، بەبێ سیستەمی ئالوگۆڕی هەوا و نوور ڕاگیرابوون و دواتر لەوێ گواسترابوونەوە.
نەسیمە ئیسلامزەهی ڕۆژی چوارشەممە ۱۵ی خەرمانانی ۲۷۲۳ (۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۳) لە شاری مەلاردی پارێزگای تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەی دۆسیەکە دەستبەسەر کران و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ زاهیدان گواسترانەوە.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ۱۴ی ڕەشەممەی ۲۷۲۳ لە دەستبەسەرگەی ئەمنییەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە و دوای هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری ئەو بەندیخانەیە، بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین گواسترایەوە.
شایەنی باسە کە، ڕۆژی شەممە ۴ی ڕێبەندانی ۲۷۲۵ (۲۴ی جەنیوەریی ۲۰۲۶)، سزای سێدارەی هاوژینەکەی، ئەرسەلان شێخی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا.
مریەم هۆداوەند
مریەم (مەهتاب) هۆداوەند، بەندکراوی سیاسی تەمەن ۴۰ ساڵی لوڕ، دایکی دوو منداڵ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی هاوکاری لە دۆسیەی "ئاگردانی مزگەوتی سەیدەلشوهەدا" لە پاکدەشت سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر ئەو هاووڵاتییە لەحاڵێکدایە کە ناوبراو لە تەواوی پرۆسەی دادگاییکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و پرۆسەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی لەنێو کەشێکی ئەمنی و ناڕووندا ئەنجام دراوە.
دۆسیەی مریەم هۆداوەند پاش ناڕەزایەتی دەربڕین بە مەبەستی پێداچوونەوە بۆ لقی ۹ی دیوانی باڵای وڵات گەڕێندرایەوە.
شایەنی باسە کە، مریەم هەداوەند لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای تاران دەستبەسەر کرا و دوای لێپرسینەوە بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
ئەرغەوان فەلاحی
ئەرغەوان فەلاحی، بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤین و تەمەن ۲۴ ساڵ، لە لایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبۆلقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکانی حکومەت و کردەوەی چەکداری" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.
ناوبراو سەرەتای مانگی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا. ئەرغەوان فەلاحی دوای هێرشی مووشەکی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری بەندیخانەی ئێڤین، سەرەتا بۆ بەندیخانەی تارانی گەورە (فەشافوویە) و دواتر بۆ بەندیخانەی قەرچەکی وەرامین دوور خرایەوە و لەئاکامدا دیسان بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گەڕێندرایەوە.
ئەو هاووڵاتییە پاش دەستبەسەربوون، چەند مانگ لە بەندە ئەمنییەکانی ۲۰۹ (وەزارەتی ئیتلاعات) و ۲۴۱ (پاراستنی دەزگای داد) لە بەندیخانەی ئێڤین لەژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیدا بووە.
ناوەندە ئەمنییەکان بە ئامانجی سازکردنی سناریۆ و وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، ناوبراویان بە تۆمەتی "هەوڵ بۆ تیرۆرکردنی دوو دادوەر بەناوەکانی محەممەد مەقیسە و عەلی ڕایزەنی" لەژێر گوشار دانابوو.
شایەنی باسە کە، ئەرغەوان فەلاحی پێشتر لە مانگی خەزەڵوەری ۲۷۲۲ لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەگەڵ باوکی دەستبەسەر کرابوون.
ناوبراو لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ" و "پرۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و پاش تەواوبوونی ماوەی بەندکرانەکەی ئازاد کرابوو.
مێهناز چاردۆلی
مێهناز چاردۆلی، لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و بەندکراوی بەندیخانەی ئێڤین لەگەڵ دەستگیرانەکەی، مەهدی نازری لە لایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر" ئەبۆلقاسم سەلەواتی" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو هاووڵاتییە بێجگە لە سزای سێدارە، سزای دە ساڵ بەندکرانیشی بەسەردا سەپێندراوە.
مێهناز چاردۆلی لەگەڵ دوو تۆمەتباری دیکەی ئەو دۆسیە، مەهدی نازری و خوشکی ناوبراو، عاتفە نازری لە ڕێکەوتی ۲۱ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە لایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.
ئەو هاووڵاتییانە بە "هێرشکردنە سەر مزگەوت بە کۆکتێل مۆلۆتۆف"، "ئامادەبوون لە کۆبوونەوە نایاساییەکان" و "پێکهێنانی باند و گرووپ" تۆمەتبار کراون.
ناسنامەی بەندکراوانی لە مەترسیی سەپاندنی سزای سێدارە؛
وریشە مورادی
وریشە مورادی، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی شاری سنە، بەندکراوی بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین و لە ئەندامانی کەژار (کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) پێشتر لە لایەن لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبۆلقاسم سەلەواتی" بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان "پژاک" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو کە ئەو سزایە لە لایەن لقی ۹ی دیوانی باڵای ئێران بەهۆی کەموکورتی لە لێکۆڵینەوەکاندا هەڵوەشێندرایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی سزادەر (لقی ۱۵ی دادگای شۆڕشی تاران) گەڕێندرایەوە.
وریشە مورادی لە دۆسیەیەکی هاوبەش لەگەڵ چوار بەندکراوی سیاسیی بەندیخانەی ئێڤین، لە لایەن دادگای تاوانەکانی دووی کۆمەڵگەی دادوەریی قودسی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەبۆلفەزل عامیری شەهرابی" سزای ۶ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکە بە تۆمەتی "پرۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" لە ڕێگای نووسینی نامە لە ساڵیادی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئەو سزایە بە دۆسیەکانی پێشووی ناوبراو پەیوەست کراوە.
وریشە مورادی ڕۆژی سێشەممە ۱۰ی گەلاوێژی ۲۷۲۳ (یەکی ئاگۆستی ۲۰۲۳)، لە ڕێگای مەریوان بۆ سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا بەسەختی لێی درابوو و بەبێ پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆ دەستبەسەرگە گواسترابۆوە.
ئەو بەندکراوە سیاسییە کوردە ڕۆژی سێشەممە ۵ی بەفرانباری ۲۷۲۳، پاش پێنج مانگ دەستبەسەرکران لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگەی وەزارەتی ئیتلاعات، ناسراو بە بەندی ۲۰۹ی بەندیخانەی ئێڤین بۆ بەندی ژنانی ئەو بەندیخانەیە گواسترایەوە. ناوبراو کۆتاییەکانی مانگی گەلاوێژی ۲۷۲۳، دوای لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدران لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سنەوە بۆ بەندی ۲۰۹ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابووەوە.
بیتا هیمەتی
سزای سێدارەی بیتا هیمەتی و محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ، دوو هاوژینی گەنجی دانیشتووی تاران و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۵ لە لایەن دیوانی باڵاوە هەڵوەشێندرایەوە و بە مەبەستی پێداچوونەوەی دووبارە بۆ لقی هاوشێوەی گەڕێندرایەوە.
بیتا هیمەتی کۆتاییەکانی مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەگەڵ هاوژینەکەی، محەممەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ و دوو هاودۆسیەیی دیکەیان بەناوەکانی بێهرووز زەمانینژاد و کورۆش زەمانینژاد لە لایەن لقی ۲۶ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری" بە تۆمەتی "کردەوەی ئۆپەراسیۆنی بۆ دەوڵەتی دژبەری ئەمریکا و گرووپە دژبەرەکان" سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا.
هەر یەک لەو چوار هاووڵاتییە سەرەڕای سزای سێدارە، بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی ئێران" سزای پێنج ساڵ بەندکران و هەروەها دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم سامانەکانیان بەسەردا سەپێندرابوو.
دادگای شۆڕش تۆمەتی ئەو هاووڵاتییانەی بە "بەشداری لە کۆبوونەوەکانی ۱۸ و ۱۹ی بەفرانبار"، "کوتنەوەی دروشم"، "تێکدانی سامانە گشتییەکان" و هەندێک بانگەشەی پشتڕاستنەکراوە وەکوو "هاویشتنی ماددەی ئاگرین و کەڵکوەرگرتن لە چەکی نادیار" ناو بردووە. ئەوە لەحاڵێکدایە کە لە دەقی ئەو سزایەدا هیچ بەڵگەیەکی پشتڕاستکراوە و بڕواپێکراو لەسەر ڕۆڵی هیچکام لەو تۆمەتبارانە نەخراوەتە ڕوو.
شایەنی باسە کە، ئەو هاووڵاتییانە ۱۹ی بەفرانباری ۲۷۲۵، لە ڕەوتی ناڕەزاییەکانی مانگی بەفرانبار لە شاری تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران.
هەنگاو پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ئەو هاووڵاتییانە لە ماوەی لێپرسینەوەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر ئەشکەنجەی سەختی جەستەیی و دەروونیدا بوون. هەروەها لە ماوەی دادگاییکردنیاندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری دیاریکراوی خۆیان و ستانداردەکانی دیکەی دادگاییکردنێکی دادپەروەرانە بێبەش بوون.