جێبەجێکردنی سزای سێدارەی عیرفان کیانی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە ئیسفەهان
هەنگاو؛ شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی عیرفان کیانی، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە ئیسفەهان، لە کاتێکدا جێبەجێ کرا کە ناوبراو بە تۆمەتە ئەمنییەکانی وەک "مۆحارەبە" لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو. ناوبراو هەشتەمین خۆپیشاندەری مانگی بەفرانبارە کە دوای دەستپێکردنی شەڕی ٤٠ ڕۆژە، لە بەندیخانەکانی ئێراندا لەسێدارە دەدرێت.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بە پشتبەستن بە میدیا حکوومەتییەکان لەوانە ئاژانسی هەواڵی "میزان"، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٥ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٥ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی عیرفان کیانی دوای پشتڕاستکردنەوەی لە دیوانی باڵای وڵات جێبەجێ کرا.
عیرفان کیانی لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە ئیسفەهان دەستبەسەر کرا و لەلایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە تۆمەتگەلێکی وەک "مۆحارەبە لە ڕێگەی هەڵگرتنی چەکی سارد"، "دروستکردنی نائەمنی"، "هانتدان بۆ کردەوەی توندوتیژانە" و "بەشداری لە تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی" دادگایی کرابوو. میدیاکانی سەر بە دەزگای دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوبراو ڕۆڵی هەبووە لە ئاراستەکردنی خۆپیشاندەران و فڕێدانی کۆکتێل مۆلۆتۆف بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی ئەم سزایە، هۆشداری دەدات کە دوای دەستپێکردنی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی نێوان ئێران و هێزە ناوچەییەکان لە ڕەشەممەی ٢٧٣٥ەوە ئامێری سێدارەی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا، بە شێوەیەکی دیاریکراو بەندکراوانی سیاسی و خۆپیشاندەرە دەستبەسەرکراوەکانی کردووەتە ئامانج. خێراکردنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی خۆپیشاندەران نیشانەی بەکارهێنانی ئامرازییانەی دەسەڵاتە لە سزای مەرگ بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانە ناوخۆییەکان.
تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە، وردەکاریی زیاتر لەسەر شوێنی وردی جێبەجێکردنی سزاکە و دۆخی ڕاگرتنی ئەم بەندکراوە پێش لەسێدارەدانی، لەلایەن بەرپرسانی فەرمییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.