زاهیدان؛ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ و قوربانیی بارمتەگریی حکومەتی

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٠:٠٨

 

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ کە ڕەزبەری ساڵی ٢٧٢٤ دەستبەسەر کرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. پێشتر هەواڵی کوژرانی ناوبراو لە هەمان ساڵدا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە بڵاو کرابووەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دەرکەوت کە عامر بریندار و دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٦ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، بەندکراوی سیاسیی بەلووچ کە لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەمەنی نزیکەی ١٨ ساڵ بوو، دوای ١٩ مانگ بەندکران لە بەندیخانەی ناوەندیی زاهیدان جێبەجێ کرا. جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدایە کە ناوەندە ئەمنییەکان ناوبراویان وەک بارمتەیەک بۆ گوشار خستنە سەر برا چالاکەکەی لە دەرەوەی وڵات بەکار دەهێنا.

ئاژانسی هەواڵی دەزگای دادوەری، تۆمەتەکانی ناوبراوی وەک «بەغی»، «ئەندامێتی لە گرووپی جەیشولعەدل» و «پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخستنی عەبدولغەفار نەقشبەندی» ڕاگەیاندووە.

دەستبەسەرکردن و سیناریۆسازیی ئەمنی:

عامر ڕامش لە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤، لە کاتی هێرشی قورسی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر دوکانێکی عەترفرۆشی لە گوندی بلینگیی چابەهار لە کاتێکدا کە بە سەختی بریندار ببوو، دەستبەسەر کرا. لەو ئۆپراسیۆنەدا کە بە بەکارهێنانی چەکی نیوە قورس (ئاڕ‌پی‌جی و خومپارە) ئەنجام درا، سەرەتا بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرابوو کە کوژراوە؛ بەڵام دوای ماوەیەک دەرکەوت کە ناوبراو لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکاندا لەژێر توندترین ئەشکەنجەدایە.

جێگای ئاماژەیە کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا دوو گەنج بە ناوەکانی شەهاب جەدگان و زاکر جەدگال کوژران و دوو گەنجی دیکەش بە ناوەکانی حامید جەدگال و شوعەیب دوڕتاج دەستبەسەر کران.

ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ:

میدیا حکومەتییەکان پێشتر ڤیدیۆیەکی دانپێدانانی زۆرەملێی ناوبراویان بڵاو کردەوە کە تێیدا شوێنەواری لێدان و شینبوونەوە لەسەر دەموچاوی بە ڕوونی دیار بوو. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە تەواوی ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵی، لەسەر بنەمای ئەم دانپێدانانانەی ژێر ئەشکەنجە بووە و ناوبراو لە تەواوی ماوەی دادگاییکردنەکەیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بووە.

 

بارمتەگری و گوشار بۆ سەر بنەماڵە:

سەرچاوە ئاگادارەکان بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە ناوەندە ئەمنییەکان لە مامەڵەیەکی نامرۆڤانەدا، ئازادکردنی عامریان بەند کردبوو بە هاوکاریی بنەماڵەکەی بۆ «تیرۆرکردنی نەیاران» یان «خۆبەدەستەوەدانی براکەی» (کە ئەندامی جەیشولعەدلە). تەنانەت لە کۆتا کاتژمێرەکانی پێش لەسێدارەدان، بنەماڵەکەی هەڕەشەیان لێ کرابوو کە ئەگەر براکەی خۆی ڕادەست نەکات، عامر لەسێدارە دەدرێت؛ ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم لەسێدارەدانە نەک سزایەکی دادوەری، بەڵکوو «کوشتنی حکومەتی بە مەبەستی بارمتەگری» بووە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای شەرمەزارکردنی توندی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی عامر ڕامش، ئەم کارە وەک نموونەی بەرچاوی تاوان دژی مرۆڤایەتی و بەکارهێنانی سزای مردن وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی نەیاران لە دەرەوەی سنوورەکان دەزانێت. هەنگاو داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە کاردانەوەی خێرایان هەبێت بەرامبەر بە ڕێکارە نیگەرانکەرەکەی «بارمتەگرتنی ئەندامانی بنەماڵەی چالاکانی سیاسی» لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە