بەردەوامیی شەپۆلی لەسێدارەدانی بەندکراوانی سیاسی؛ مەهدی فەرید، پلەدارێکی سەربازی بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لەسێدارە درا

٢ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ١٠:٤٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای سێدارەی مەهدی فەرید، یەکێک لە کەسایەتییە سەربازییەکان و بەڕێوەبەرانی پێشووی کۆمیتەی بەرگریی شارستانی (پدافند غیرعامل) کە پێشتر بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، بەنهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢ی بانەمەڕی ٢٧٢٦ (٢٢ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی بە ناوی مەهدی فەرید خەڵکی ئەراک، کە پێشتر هیچ هەواڵێک لەسەر دەستبەسەرکردنی بڵاو نەکرابووەوە، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئاژانسی هەواڵی "میزان"، زمانحاڵی فەرمیی دەزگای دادوەری وێڕای بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، ئاماژەی بە شوێنی دەستبەسەرکردن و هەروەها شوێنی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی ئەم بەندکراوە نەکردووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە کە مەهدی فەرید ١١ی جۆزەردانی ٢٧٠٥ دەستبەسەر و دواتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران سزای ١٠ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپابوو. بەڵام ئەو سزایە لەلایەن لقی ٢٣ی دادگای شۆڕشی تاران گۆڕدرا و بە تکمەتی سیخوڕێ بۆ ئیسرائیل سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.،

مەهدی فەرید کە وەک بەرپرسی بەشی بەڕێوەبەریی کۆمیتەی بەرگریی شارستانی لە یەکێک لە ڕێکخراوە هەستیارەکانی وڵاتدا کاری دەکرد، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بە "هاوکاری لەگەڵ دەزگای سیخوڕیی مۆساد" تۆمەتبار کرابوو. ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە دەزگای دادوەری بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ناوبراو زانیارییەکانی وەک "نەخشەی ڕێکخستنی (هەیکەلی)، شوێنی بینا ناوخۆییەکان، دۆخی پاراستن و ناسنامەی کارمەندان"ی ڕادەستی ئەفسەرانی هەواڵگریی بیانی کردووە.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی جێبەجێکردنی ئەم سزایە، جەخت دەکاتەوە کە مەهدی فەرید هاوشێوەی زۆربەی تۆمەتبارانی دۆسیە ئەمنییەکان لە ئێران، لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ، دادگاییکردنی ئاشکرا و پێوەرەکانی دادگایەکی دادپەروەرانە بێبەش بووە. پەنابردنی دەزگای دادوەری بۆ "دانپێدانانی ڕاشکاو" لەم جۆرە دۆسیانەدا لەکاتێکدایە، کە ئەم دانپێدانانە زۆربەی جار لەژێر گوشاری توندی ئەمنی و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی لە دەستبەسەرگە نهێنییەکاندا وەردەگیرێن و هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە.

هەنگاو جارێکی دیکە هۆشداری دەدات کە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک تۆمەتەکانی وەک "سیخوڕی بۆ ڕژێمی زایۆنیستی" وەک ئامرازێک بۆ پاکتاوکردنی ناوخۆیی، دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگە و پاساودانی سەرکوتە ئەمنییەکان بەکار دەهێنێت. نەبوونی شەفافیەت لەم دۆسیەیەدا و شاردنەوەی وردەکارییەکانی دادگاییکردن لە ڕای گشتی، بەڵگەیەکی دیکەیە لەسەر فەرمایشی بوونی ئەم سزایانەی سێدارە.

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە