بەندیخانەی مەهاباد؛ مەرگی گوماناوی قادر ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسی کورد هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ئازادبوونی

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۹ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
قادر ڕەسووڵپوور، بەندکراوی سیاسی کورد بەشێوەیەکی گوماناوی لە دوایین ڕۆژی سزای شەش مانگ بەندکرانیدا لە بەندیخانەی ناوەندیی مەهاباد گیانی خۆی لەدەست دا. ناوبراو سەرجەم لە ماوەی دوو جار دەستبەسەربوونیدا ۹ ساڵ بەندکرانی بەهۆی چالاکییەکانی لە بەندیخانەکانی ئێراندا تێپەڕ کردبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ۲۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۱۸ی جولای ۲۰۲۵)، قادر ڕەسووڵپوور، تەمەن ۵۳ ساڵ و خەڵکی مەهاباد هەندێک پێش ئازادکرانی لە بەندیخانەی مەهاباد بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی خۆی لەدەست دا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی قادر ڕەسووڵپوور دوای چەند کاتژمێر دواکەوتنی ئازادیی ئەو بەندکراوە سیاسییە، پەیوەندیی تەلەفۆنییان بە بەندیخانەوە گرتووە و لە وەڵامدا پێیان کوتراوە کە ناوبراو "لە کاتی حەمام کردندا بەهۆی کرژی" لە حەمام گیانی لەدەست داوە.
بنەماڵە و کەسوکاری قادر ڕەسووڵپوور، جەختیان کردووتەوە کە ئەو بەندکراوە سیاسییە هیچ کێشە و نەخۆشییەکی درێژخایەنی نەبووە و ڕۆژی چوارشەممە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا پێی کوتبوون کە دوو رۆژی دیکە ئازاد دەکرێت. تەرمی ناوبراو بۆ پزیشکی دادی ئورمیە گواستراوەتەوە.
قادر ڕەسووڵپوور لە مەودای ساڵانی ۲۶۸۴ تا ٢٦٩٠ی کوردی ئەندامی حیزبی کۆمەڵە بوو. ناوبراو هەندێک پاش کۆتایی هێنان بە چالاکییەکانی لەو حیزبەدا سزای هەشت ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو ماوەی لە بەندیخانە تێپەڕ کرد.
قادر ڕەسووڵپوور ڕۆژی شەممە ۲۰ی ڕێبەندانی ۲۷۲۴ (۸ی فێبریوەریی ۲۰۲۵)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی لە گەڕەکی پشتتەپی مەهاباد، دەستبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.